Accessibility links

بێریڤان دۆسکی: زیاد لە 133 رۆژنامەو میدیا لە تورکیا داخراون و سەدان رۆژنامەوانی کورد دەستگیرکراون


پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و پێشێلکاریی و توندوتیژی بەرامبەر بە رۆژنامەنوسان و میدیاکاران و خەڵک بەگشتی لە تورکیا و هەرێمە کوردییەکانی ئەو وڵاتە؛ جێی باس و لێکۆڵینەوەو چاودێریکردنی رەوشەکەیە لەلایەن شرۆڤەکاران و رێکخراوە جیهانییە نێو دەوڵەتییەکانەوە. داخستنی زیاد لە 100 رۆژنامەو ناوەندی میدیا و چاپ و بڵاوکردنەوە پێکڕا دەوڵەتی تورکیا و ماماڵە ناتەندروستەکانی خستۆتە بەردەم پرسیار و راپۆرتە جیهانییەکانەوە. بەڵام ئایا بەردەوامی ئەم رەوشەو تێکڕای ئەو پێشێلکارییانە بەرامبەر بە ئازادی رادەربڕین و کاری رۆژنامەگەریی دەکرێت چ ئاکامێکی مەتسیداری دەبێت بۆ ئازادییە شارستانییەکانی تاکەکەس و کۆمەڵگە؟

بۆ ئەو مەبەستە ئاسۆ جەبار لەدەنگی ئەمریکاوە وتووێژێکی لەگەڵ هاوسەرۆکی پێنی کورد کە بەشێکە لە پێنی جیهانی خاتوو دکتۆرە بێریڤان دۆسکی سازکردووە.

بێریڤان دۆسکی دەڵێت "تا ئێستا 70.000 کەس لە تورکیادا گیراون و لەژێر لێکۆڵینەوەو لێپرسینەوەدان، هاوکات 133 رێکخراوی میدیایی واتە رۆژنامە و گۆڤار و چەناڵەکان داخراون، زیاتر لە سەدان رۆژنامەوان گیراون، 29 دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوە داخراون، لەم دواییانەدا ئۆزگور گویندەمیش کە رۆژنامەیەکی رۆژانەیە داخرا."

هەروەها دەڵێت "لەناوچە کوردییەکانی تورکیا، سەدان رۆژنامەوان گیراون، ئێستاکە لە زیندانەکاندان کە هەندێکیان پێش کودەتاکە گیراون".

هەر سەبارەت بە رەوشی ئازادی رادەربڕین و ئازادی نوسین بێرڤان دۆسکی دەڵێت "دوابەدوای کودەتاکە 53 پەرتوک لە دیاربەکر بەبێ بڕیاری مەحکەمەی باڵاو مەحکەمەی مەدەنی هەروا قەدەغەکراون. کە پێشتر هەندێک لەو پەرتوکانە لەدادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا قەدەغەیان لەسەر لابراوە، بەڵام دووبارە دەستیان بەسەردا گیرایەوە".

"ئەو پەرتوکانەی کە دەچوون بۆ زیندانیانی کورد بۆ خوێندنەوە، زوربەی هەرە زۆری ئەو پەرتوکانە لەزیندانییەکان قەدەغەکراون. نوسەرانی زیندانی ناتوانن پەرتوکیان دەستبکەوێت، بەڕاستی رەوشێکی زۆر نالەبارە."

بێریڤان دۆسکی پێیوایە ئازادی رادەربڕین تا سەر بەردەوام نابێت؛ "خۆشبەختانە هیچ شتێک لەهیچ شوێنێکی دنیا بە شاراوەیی نامێنێت، میدایای جڤاکی هەیە و رێگەی زۆری دەربڕین هەیە، کە هیچ شتێک ناشاردرێتەوە. بەڵام ئەو رۆژنامە فەرمیانەی کە دەنگێکی ئازادیان هەبوو، کەمیش بوایە، هەر دەنگێکی ئازادانەیان هەبوو؛ کە لەمیدیا نێونەتەوییەکاندا بەهەند وەردەگیران و دەبوون بە سەرچاوە بۆ ئەوان".

لەڕێی ئەم بەستەرەوە گوێبیستی تەواوی وتووێژەکە دەبن

XS
SM
MD
LG