لە چوارچێوەی کاردانەوەی حکومەتی تورکیا لە بەرامبەر کودەتا شکستخواردووەکەی شەوی هەینی ڕابردوو، هێزەکانی ئاسایشی ئەو وڵاتە زیاتر لە 100 جەنەڕاڵ و ئەدمیراڵیان دەسـتگیرکردووە و 8777 کاربەدەسـتی حکومیـیان لە کارەکانیان لابردوون.
ئاژانسی دەنگوباسی ئەنادۆڵۆی فەرمی تورکیا ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند 103 جەنەڕاڵ و ئەدمیراڵ کە کاربەدەسـتی لەشکری باڵا بوون لە هێزی زەمینی و ئاسمانی و دەریایی دەسـتگیرکراون.
هاوکات وەزارەتی ناوخۆی تورکیا ڕایگەیاند 8777 کاربەدەسـت و فەرمانبەر لە کارەکانیان لابراون کە بریتین لە 7899 ئەندامی ئاسایش و 614 جەندرمە و 18 پاسەوانی دەریای و فەرمانڕەوای شارێک و 29 فەرمانڕەوای شارۆچکە و 92 یاریدەدەری فەرمانڕەوا و 47 قایمقام و 16 ڕاوێژکاری یاسایی و بەڕێوەبەرێـک فەرمانگەیەک و 3 بەڕێوەبەری دیکە و جێگرێـکی بەڕێوەبەر.
وەزارەتەکە گوتیشی جەندرمەکانی لادراون بریتین لە 398 ئەفسەر و 215 جێگری ئەفسەر و عەریف و کەسێـکی سیڤیل.