Accessibility links

ئوغلۆ: دوو جار هێرشمان کردووەتە سەر هێزەکانی یەپەگە

  • VOA News

تورکیا پـشـتڕاستی کردەوە لەشکرەکەی هێرشی کردووەتە سەر یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لە باکوری سوریا و دەڵێت قبوڵی نیـیە هێزەکانی یەپەگە لە ڕووباری فوراتەوە بەرەو جەرابلوس ببەڕنەوە.

ئەحمەد داوود ئوغلۆ سەرۆک وەزیری تورکیا شەوی دووشەممە لە چاوپـێکەوتنێـکیدا لەگەڵ کەناڵی ‌ATV وڵاتەکەی گوتی " ئێمە بە پەیەدەمان گوتووە لە ڕووباری فورات نەپەڕێنەوە و هەر کاتێـک ئەو کارە بکەن، ئەوا لێـیان دەدەین، بۆیە دوو جار لێمان داون."

پاشان گوتی "تورکیا ناتوانێت سنوورەکەی و چارەنووسی بۆ هیچ وڵاتێـک جێبهێڵێت."

یەپەگە لای خۆیەوە دەڵێت لەشکری تورکیا ڕۆژی یەکشەممە دوو جار بە دۆشکە تەقەی لە هێزەکانی کردووە لە ناوچەی گرێ سـپی، بەڵام کەس پـێوە نەبووە و ئەوانیش وەڵامی تەقەکانیان نەداوەتەوە.

تورکیا مەترسی هەیە تەواوی باکوری سوریا بکەوێتە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی یەپەگەوە بە پشـتیوانی هاوپەیمانێتی بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا. هەرچەندە تورکیا یەپەگە بە هێزێـکی تێرۆرست ناودێردەکات، بەو پـێـیەی هاوسۆزە لەگەڵ پەکەکە، بەڵام چ ئەمەریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا و ڕووسیاش بە هێزێـکی سەرەکی و کاریگەر لە دژی داعش لە سوریا ناودێری دەکەن.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرز لە زاری دوو کاربەدەسـتی باڵاوە بڵاویکردووەتەوە ئەنکەرە مانگی ڕابردوو هەر یەک لە ئەمەریکا و ڕووسیای ئاگادارکردووەتەوە کە ڕێگە نادات هێزەکانی یەپەگە ناوچەکانی باکوری ڕۆژئاوای سوریا کۆنترۆڵ بکەن.

XS
SM
MD
LG