Accessibility links

شارەوانی ئستەنبوڵ بانگهێشتنامەکەی بۆ دامەزرێنەری ویکپیدیا هەڵدەوەشێنێتەوە


شارەوانی ئستەنبوڵ ڕایگەیاند ئەو دەعوەتنامەیەی پـێشتر بۆ دامەزرێنەری ماڵپەڕی ویکپـیدیایان ناردبوو تاوەکو ئامادەی کۆنفرانسێـکی نێودەوڵەتی ببێت لە ئستەنبوڵ کشانویانەتەوە.

جێمی وێڵز لە لیستی ناوی ئەو کەسانە سڕاوەتە کە بانگهێشتی کۆنفرانسی نێودەوڵەتی شارەکانی جیهان World Cities Expo کراون، ئەوەی هەزاران کەس لە سەرانسەری جیهان ئامادەی دەبن بۆ تاوتووێکردنی چۆنیەتی سوود وەرگرتن لە تەکنەلۆجیا بۆ پەرەپـێدانیشارەکان. کۆنفرانسەکە لە 15 بۆ 18 ی ئەم مانگی پـێنجە لە ئستەنبوڵ سازدەکرێت.

ئەم بڕیارەی شاروانی ئستەنبوڵ پاش ئەوە دێت کە دەسەڵاتدارانی تورکیا لە ڕۆژی شەممەوە ماڵپەڕی ویکپـیدیایان لە وڵاتەکەیان بلۆککرد، پاش ئەوەی بەڕێوەبەرایەتی ویکپـیدیا داواکەی ئەنکەرەی ڕەتکردەوە بۆ لابردنی کۆمەڵێـک نووسین کە تیایاندا تورکیا تۆمەتباردەکرێت بە پەیوەندی بە ژمارەیەک ڕێکخراوی توندڕەوەوە.

دامەزرێنەری ماڵپەڕی ویکپـیدیا لەسەر بلۆککردنی ماڵپەڕەکەیان گوتی" بەدەسـتهێنانی زانیاری مافێـکی سەرەکی مرۆڤە. بە خەڵکی تورکیا دەڵێم هەمیشە لە پاڵتاندا دەبم بۆ داکۆکیکردن لەم مافەتان."

تورکیا پـێشتر داوای هاوشێوەی لە تویتەر و فەیسبوک و یوتیوب هەبووە و لە ڕێگەی بلۆککردنی ماڵپەڕەکانیان ناچاری کردوون داواکەی جێبەجێ بکەن.

XS
SM
MD
LG