Accessibility links

تورکیا دەڵێت خوازیارە لەگەڵ ئەمەریکا شاری ڕەققە لە داعش ڕزگاربکات


وەزیری بەرگری تورکیا دەڵێت جەنەڕاڵ جۆ دەنفۆرد سەرۆکی ئەرکانی لەشکری ئەمەریکا ڕۆژی هەینی سەردانی تورکیا دەکات بە مەبەستی وتووێژکردن لە بارەی شیانی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێـکی هاوبەش بۆ ڕزگارکردنی شاری ڕەققەی سوریا لە دەسـتی داعش.

فیکری عیشق ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە لێدوانێـکیدا بۆ ڕۆژنامەوانی لە برۆکسل گوتیشی سەردانەکەی دەنفۆرد بۆ ئەنکەرە ڕەنگە یارمەتی واشنتن بدات لە هەڵسەنگاندنی ئایا دەکرێت تورکیا و ئەمەریکا بە هاوبەشی کاربکەن یان نا.

هەروەها گوتی دەبێت ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی ڕەققە لەگەڵ هێزی عەرەبی ئەنجام بدرێت و هێزەکانی یەپەگە تیادا بەشدار نەبن.

پاشان گوتی ئەمەریکا پـێداگیری ناکات لەوەی یەپەگە لە ئۆپەراسیۆنی ڕەققەدا بەشداربێت. باسی لەوەش کرد ئەنکەرە لەگەڵ واشنتن کاردەکات بۆ کشانەوەی یەپەگە لە شاری مەنبج.

جێی ئاماژەیە وەزیری بەرگری تورکیا شەوی چوارشەممە لە میانەی کۆبوونەوەی لەگەڵ جەیمس ماتس وەزیری بەرگری ئەمەریکا لە برۆکسل گوتی " ناکرێت گروپـێـگی تێرۆرستی لە گروپێکی تێرۆرستی دیکە بە باشتر دابنرێت." ئەمەش مەبەستی هێزەکانی یەپەگەیە کە ئەمەریکا لە شەڕی دژی داعش پاڵپشـتیان دەکات.

هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ بەرپـرسێـکی ئەمەریکا لەم بارەیەوە لێدوانی نەداوە.

XS
SM
MD
LG