Accessibility links

بە بۆردومانی فڕۆکەی تورکیا لە شنگال و قەرەچوغی سوریا 23 کەس گیانیان لەدەسـت دەدەن


فەرماندەیەکی لەشکری ئەمەریکا لەگەڵ ڕێدور خەلیل وتەبێژی گشتی یەپەگە و ڕێزان گلو وەزیری ناوخۆی کانتۆنی جزیرە سەردانی شوێنی بۆردومانەکانی تورکیا دەکەن، سێشەممە 25 ی مانگی چواری 2017
فەرماندەیەکی لەشکری ئەمەریکا لەگەڵ ڕێدور خەلیل وتەبێژی گشتی یەپەگە و ڕێزان گلو وەزیری ناوخۆی کانتۆنی جزیرە سەردانی شوێنی بۆردومانەکانی تورکیا دەکەن، سێشەممە 25 ی مانگی چواری 2017

فڕۆکەکانی تورکیا بۆردومانی شوێنەکانی پەکەکە و یەبەشە و یەپەگەیان لە شنگال و ناوچەی قەرەچوغی دێرکی سوریا کردووە و لە ئاکامدا بە لایەنی کەم 23 کەس گیانیان لەدەسـتداوە، لەوانە 18 شەڕڤان و کارمەندی ڕاگەیاندنی یەپەگە و 4 پـێشمەرگە و ئەندامێکی ئاسایش.

ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت لە کاژمێر 2 ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە ژمارەیەک فڕۆکەی تورکیا بۆردومانی ناوەندێـکی ڕاگەیاندنی یەپەگە و شوێنی پەخشێکی ڕادیۆیـیان کردووە لە ناوچەی قەرەچوغ و لە ئاکامدا 15 شەڕڤان و 3 کارمەندی ڕاگەیاندنی یەپەگە گیانیان لەدەسـتداوە. ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد شیانی زیادبوونی ژمارەی قوربانیـیەکان هەیە بەهۆی قورسی برینی ژمارەیەک لە بریندارەکان.

لە هەرێمی کوردستانیش، جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی وەزارەتی پـێشمەرگە لە وتووێژێکدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا گوتی بارەگایەکی هێزەکانی پـێشمەرگە لە شنگال بۆردومانکراوە و لە ئاکامدا 4 پـێشمەرگە و ئەندامێـکی ئاسایش گیانیان لەدەسـتداوە و 9 پـێشمەرگەی دیکە برینداربوون.

فەرماندەیەکی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی لەگەڵ فەرماندە باڵاکانی هێزەکانی یەپەگە، لەوانە ڕێدور خەلیل گوتەبێژی گشتی یەپەگە و ڕێزان گلو وەزیری ناوخۆی کانتۆنی جزیرە سەردانی شوێنی بۆردومانەکانی تورکیایان کردووە لە ناوچەی دێرک.

هەروەها مەزڵوم شنگالی گوتەبێژی هێزی بەرخودانی شنگال بۆ بەشی کوردی ڕاگەیاند 3 شەڕڤانیان برینداربوون.

لەشکری تورکیا لای خۆیەوە لە بەیاننامەیەکدا دەڵێت" هێرشی ئاسمانیمان ئەنجامداوە و بە سەرکەوتووانە لە شوێنی تێرۆرستانمان داوە تاوەکو ناوەندەکانی تێرۆر لەناوبەرین کە هەڕەشەن بۆ سەر ئاسایش و یەکگرتوویی و سەلامەتی وڵاتەکەمان و گەلەکەمان لە چوارچێوەی مافی خۆمان لەسەر بنەمای یاسای نێودەوڵەتی."

XS
SM
MD
LG