Accessibility links

جێگری سەرۆک وەزیری تورکیا: شارۆچکەی ئەلبابی سوریا ڕادەستی ڕژێمی ئەسەدی ناکەین


جێگری سەرۆک وەزیری تورکیا ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە کە دەڵێن تورکیا بە نیازە شارۆچکەی ئەلباب ڕادەستی هێزەکانی حکومەتی سوریا بکات پاش ئەوەی لە داعشی ڕزگاردەکەن.

نوعمان کورتوڵموش کە هەروەها گوتەبێژی حکومەتە ئەمڕۆ سێشەممە بۆ ئاژانسی دەنگ‌وباسی ئانادۆڵوی ڕاگەیاند "تورکیا ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فوراتی ئەنجام نەداوە تاوەکو ناوچەکان لە داعش پاکبکاتەوە و ڕادەستی ڕژێمی سوریای بکات."

گوتیشی ئەم ئۆپەراسیۆنە بۆ بەرژەوەندی ئاسایشی نەتەوەیی و پاراستنی تورکیا ئەنجامدراوە و هەروەها بۆ نەهێشتنی ئەو هەڕەشانەی لەو ناوچانەی نزیک سنوورەکانی باشوری وڵاتەکە هەن.

پاشان ڕەخنەی لە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا گرت و گوتی وەک پـێویست پـشتیوانیـیان لە ئۆپەراسیۆنی تورکیا لە ناوچەی باب نەکردووە. گوتیشی بەڕێوەبەرایەتی براک ئۆباما سەرۆکی پـێشووی ئەمەریکا و هاوپەیمانانی شەڕی دژی داعش هیچ پـلانێـکیان نەبووە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سوریا.

جێی وەبیرهێنانەوەیە لە 24 ی مانگی هەشتی ساڵی 2016 وە تورکیا ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فوراتی دەسـتپـێکردووە بۆ پشـتیوانی لەو هێزانەی ئۆپـۆزسیۆنی سوریا، ئەوانەی لە ئەنکەرەوە نزیکن، ئەمەش بۆ کۆنترۆڵکردنی ناوچەکانی باکوری سوریا لە نزیک شارۆچکەی جەرابلوس. لە ئێستادا ئەو هێزانە لە دەوربەری شارۆچکەی ئەلباب لە شەڕدان لە دژی داعش.

XS
SM
MD
LG