Accessibility links

تورکیا لە ئۆپەراسیۆنەکەی لە سوریا بەردەوامە و ئەمەریکا دەڵێت یەپەگە کشاوەتەوە

  • VOA News

لەشکری تورکیا بەردەوامە لە ڕەوانەکردنی هێزی زیاتر بۆ ناو خاکی سوریا لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکەی کە ناوی (درع الفرات) ی لێناوە و دەڵێت بۆ نەهێشتنی داعشە لەسەر سنوورەکانی و هەروەها دانانی سنوورێـک بۆ پـێشڕەویکردنی هێزە کوردیـیەکانە لە ناوچەکەدا.

بەپـێی هەواڵەکان ئەمڕۆ پـێـنجشەممە تانک و ماشێنی زیاتری لەشکری تورکیا خۆیان کردووە بە نێو خاکی سوریا بە مەبەستی پشـتیوانیکردن لە هێزەکانی ئۆپـۆزسیۆنی سوریای نزیک لە ئەنکەرە.

فیکری ئیشق وەزیری بەرگری تورکیا ئەمڕۆ لە چاوپـێـکەوتنێـکیدا لەگەڵ کەناڵی NTV ی تورکی گوتی هێزەکانی ئۆپـۆزسیۆن لە ئێسـتادا سەرقاڵی پاککردنەوەی شارۆچکەی جەرابلوسن و بە گوتەی خۆی دەیان چەکداری داعش کوژراون و زۆربەی داعشەکان بەرەو هەردوو شاری ئەلباب و ڕەققە هەڵاتوون. جەختی لەوە کرد هیچ سەربازێـکی تورک زیانی پـێنەگەیشتووە و تەنیا 2 چەکداری ئۆپـۆزسیۆن کوژراون و 2 ی دیکە برینداربوون.

سەبارەت بە هێزە کوردیـیەکان گوتی هەتا ئێستا هیچ شتێـک نیـیە ئاماژە بۆ کشانەوەی یەپەگە لە ڕۆژئاوای ڕووباری فورات بکات. گوتیشی ئەگەر بێت و نەکشێنەوە ئەوا تورکیا مافی تەواوی هەیە لێـیان بدات. باسی لەوەش کرد کە بەڵێن دراوە لە ماوەی هەفتەیەکدا بکشێنەوە.

بەڵام لە لایەکی دیکە وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند جۆن کێری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە پەیوەندیـیەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ مەولود چاوش‌ئۆغڵوی وەزیری دەرەوە گوتوویەتی هێزەکانی یەپەگە دەسـتیانکردووە بە کشانەوە بۆ ئەوبەری ڕووباری فورات. هەردوو وەزیر جەختیان لەسەر گرنگی بەردەوامبوونی هاوکاری نێوانیان کرد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش لە عێراق و سوریا.

هەروەها گوتەبێژی ئۆپەراسیۆنی "ورەی پـۆڵاینی" هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی داعش ئەویش لە تویتەرەکەی نووسیویەتی بەشی زۆری هێزەکانی سوریای دیموکرات کشاونەتەوە و تەنها ژمارەیەکی کەم ماونەتەوە کە سەرقاڵی پـوچەڵکردنەوەی بۆمبە چێنراوەکانی داعشن.

XS
SM
MD
LG