Accessibility links

تورکیا دەڵێت ئۆپەراسیۆنێـکی دەسـتپـێـکردووە بۆ وەدەرنانی داعش لە جەرابلوسی سوریا


کاربەدەسـتانی تورکیا دەڵێن ئۆپەراسیۆنێـکی لەشکریـیان بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دەسـتپـێـکردووە بۆ وەدەرنانی داعش لە شارۆچکەی جەرابلوسی سوریا.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا ئەمڕۆ چوارشەممە لە وتارێـکیدا لە ئەنکەرە گوتی لە کاژمێر 4 ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێزەکانی وڵاتەکەی ئۆپەراسیۆنێـکی لەشکریـیان دەسـتپـێـکرد بە ناوی " قەڵغانی فورات" لە دژی گروپە تێرۆرستەکانی کە هەڕەشەن بۆ سەر وڵاتەکەیان، وەکو داعش و پەیەدە.

بەپـێی میدیاکانی تورکیا سەرەتای ئۆپەراسیۆنەکە بە تۆپـباران و بۆردومانی فڕۆکە بۆ سەر شوێنەکانی داعش دەستیپێـکردووە و پاشان هێزەکانی لەشکری تورکیا بە تانکەوە لەگەڵ نزیکەی 1500 چەکدارانی ئۆپـۆزسیۆنی سوریای سەر بە ئەنکەرە چوونەتە ناو خاکی سوریاوە.

دەشڵێن چەکدارانی ئۆپـۆزسیۆن کۆنترۆڵی گوندی کێکلیجەیان کردووە کە لە قوڵایی 3 کیلۆمەتری خاکی سوریایە و 5 کیلۆمەتر لە ڕۆژئاوای جەرابلوسەوە دورە.

هاوبەندی ئۆپـۆزسیۆنی سوریا لە بەیانـنامەیەکدا خۆشحاڵی خۆی لەم بارەیەوە ڕاگەیاند و دەڵێت چەکدارانی ئۆپـۆزسیۆن ڕۆڵی سەرەکی لە شەڕەکاندا دەبینن.

لە لایەکی دیکە حکومەتی سوریا ئۆپـەراسیۆنەکەی سەرزەنشتکرد و دەڵێت پـێشـێلکردنێـکی ڕوون و ئاشکرای سەروەری وڵاتەکەیەتی، بۆیە داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات هەڵوێست لە بەرامبەری وەربگرێت.

XS
SM
MD
LG