Accessibility links

تورکیا: وتووێژەکانی ئاشتی سوریا شکست‌دەهێنن ئەگەر یەپەگە بەشداربێت


وەزیری دەرەوەی تورکیا دەڵێت بەشداریکردنی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لە وتووێژەکانی ئاشتی سوریا ئاکامی زۆر مەترسیداری دەبێت و مانای کۆتایی‌هێنانە بەم هەوڵەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دۆزینەوەی چارەسەری سیاسی بۆ قەیرانی سوریا.

مەولود چاووش ئۆغڵو ئەمڕۆ دووشەممە لە ئەنکەرە بە پەیامنێرانی گوت" هەندێک لە وڵاتان دەیانەوێت شاندی ئۆپـۆزسیۆن تێـکبدەن و ئێمەش لە دژی ئەوەین. دەیانەوێت ڕێکخراوێـکی تێرۆرستی وەکو یەپەگە لە شاندی ئۆپـۆزسیۆندا بەشداری پـێبکەن، ئەمەش مانای لەباربردنی پـرۆسەکەیە، بۆیە دەبێت بە ڕوون و ئاشکرایی بڵێین ئەمە زۆر مەترسیدارە."

چاووش ئۆغڵو ئەم لێدوانەی دا پـێش چەند کاژمێرێـک لەوەی ستافان دیمستۆرا نێردراوی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ قەیرانی سوریا لە ژنێڤ پـلانەکانی خۆی بۆ وتووێژەکانی ئاشتی سوریا ڕابگەیەنێت.

ژمارەیەک لە وڵاتان بە پـێویستی دەزانن یەپەگە و پەیەدە بەشداری دانوستاندنەکانی ئاشتی بن، بەو پـێـیەی ناوچەیەکی فراوان لە سوریا لە ژێر کۆنترۆڵی ئەواندایە، بەڵام تورکیا بە بەشێک لە پارتی کرێکارانی کوردسـتانیان دادەنێت و مەترسی هەیە لە ئایندەدا ببنە بەشێک لە دەسەڵاتی سوریا.

XS
SM
MD
LG