Accessibility links

ئەردۆغان: قۆناغی داهاتوومان لە سوریا شاری مەنبج دەبێت

  • VOA News

سەرۆکی تورکیا دەڵێت لە پاش ڕزگارکردنی شاری ئەلباب لە داعش بەردەوام دەبن لە پشـتیوانیکردنی هێزەکانی عەرەبی ئۆپـۆزسیۆنی سوریا و هەنگاوی داهاتوویان شاری مەنبجی ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سوریای دیموکرات دەبێت.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ئەمڕۆ سێشەممە بەر لەوەی بەرەو وڵاتی پاکستان بەڕێبکەوێت، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژانەوانی لە فڕۆکەخانەی ئەتاتورک لە ئستەنبوڵ ئەمەی ڕاگەیاند و گوتی لە سەرەتای ئۆپەراسیۆنەکانی لەشکری تورکیا بۆ پشـتیوانیکردن لە ئۆپـۆزسیۆنی سوریا ڕایگەیاندبوو سێ مەبەستیان لە ناو سوریا هەیە، ئەویش سەرلەنوێ بنیادانەوە و پـێکهێنانی ناوچەیەکی پارێزراو و قەدەغەکردنی فڕین بەسەریدا.

گوتیشی لەم بارەیەوە لەگەڵ کاربەدەسـتانی ئەمەریکا وتووێژیان کردبوو و ئەوانیش بیرۆکەکەیان پـێباشبووە، بەڵام قایل نەبوون ناوچەیەک پـێکبهێنرێت کە تێرۆرستانی تیادا نەبێت، بۆیە لەگەڵیاندا بە ڕێکەوتنێـک نەگەیشتوون.

تورکیا هێزەکانی یەپەگە و پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە) بە دوو گروپی تێرۆرست دادەنێت و دەڵێت بەشێـکن لە پارتی کرێکارانی کوردسـتان (پەکەکە)، بەڵام ئەمەریکا ڕەتی دەکاتەوە یەپەگە بە گروپێـکی تێرۆرستی ناودێربکات و لە چوارچێوەی هێزەکانی سوریای دیموکرات بۆ شەڕی دژی داعش پشـتیوانیان لێدەکات.

ئەردۆغان هەروەها گوتی پشـتیوانی لەشکری سوریای ئازاد دەکەن کە لە دانیشتوانی عەرەبی باکوری سوریا پـێکهاتوون، بەڵام ئەمەریکایـیەکان هەرچەندە لەشکری سوریای ئازادیان قبوڵ بوو، هێزێـکی دیکەیان هێنایە گۆڕەپانەکەوە و ناوی نا هێزەکانی سوریای دیموکرات کە پەیەدە و یەپەگەی تێدایە، بۆیە تورکیا هەرگیز لەگەڵ ئەو هێزە کار ناکات.

پاشان گوتی لەگەڵ لەشکری سوریای ئازاد ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فوراتیان دەسـتپـێکرد و ناوچەکانی جەرابلوس و ڕاعی و دابق و ئەلبابیان لە داعش ڕزگارکرد و 3 هەزار چەکداری داعشیان کوشتووە.

گوتیشی لە ئۆپەراسیۆنەکە بەردەوام دەبن و لە ئێستادا لە قۆناغێـکی گرنگدان و شاری مەنبج کە شارێـکی عەرەبیـیە، هیچ پەیوەندیـیەکی بە پەیەدە و یەپەگەوە نیـیە، بۆیە بە ئەمەریکایـیەکانیان گوتووە نابێت بە هیچ شێوەیەک ئەم دوو ڕێکخراوە لە ڕۆژئاوای ڕووباری فوراتدا هەبن، بەڵام بە گوتەی خۆی ئەمەریکایـیەکان دەسی‌دەسیـیان پـێدەکەن و هێشتا ئەو دوو ڕێکخراوە لە ڕۆژئاوای فورات ماونەتەوە. گوتیشی ئەوان دەیانەوێت پەیەدە و یەپەگە بکشێنەوە هەتا دانیشتوانە عەرەبەکەی ناوچەکە و خەڵکی مەنبج بۆ ماڵ و حاڵی خۆیان بگەڕێنەوە.

هەروەها گوتی ئەگەر هاوپەیمانەکانیان ڕاستگۆبن لە شەڕی دژی داعش، ئەوا ئامادەن لەگەڵیاندا کاربکەن بۆ ڕزگارکردنی شاری ڕەققە تاوەکو خەڵکەکەی بۆی بگەڕێنەوە. جەختی لەوەش کرد تورکیا ئامانجی نیـیە لەو ناوچەیەدا بمێنێتەوە و تەنها دەیەوێت لە باکوری سوریاوە مەترسی لەسەر تورکیا نەبێت.

XS
SM
MD
LG