Accessibility links

ئەردۆغان: تورکیا نایەوێت هیچ بارگرژیـیەک لەگەڵ ڕووسیا دروستببێت


سەرۆکی تورکیا دەڵێت خستنی فڕۆکە ڕووسیایـیەکە لە لایەن فڕۆکەکانی وڵاتەکەیەوە تەنها بۆ بەرگریکردن بووە لە ئاسایشی وڵاتەکەیان. گوتیشی نایەوێت هیچ بارگرژیـیەک لەگەڵ ڕووسیا دروسـتببێت.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ئەمڕۆ چوارشەممە لە ئستەنبوڵ ئەمەی ڕاگەیاند و گوتی ئەو فڕۆکەیەی ڕووسیا دوێنێ سێشەممە لە ئاسمانی تورکیا لێی درا، بەڵام لە خاکی سوریا کەوتە خوارێ. کاربەدەسـتی دیکەی تورکیا گوتویانە فڕۆکە بۆ ماوەی 17 چرکە لە قوڵایی 2 کیلۆمەتر لە ئاسمانی تورکیا بووە و هێزەکانی تورکیا 10 جار ئاگاداریان کردووەتەوە بەر لەوەی تەقەی لێبکەن.

ڕووسیاش لای خۆیەوە سوورە لەسەر ئەوەی فڕۆکەکەی نەچووەتە ئاسمانی تورکیاوە.

کاربەدەسـتێـکی ئەمەریکاش بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرزی گوتووە وڵاتەکەی لەو بڕوایەدایە فڕۆکە ڕووسیایـیەکە گەڕاوەتەوە بۆ ئاسمانی سوریا بەر لەوەی تەقەی لێبکرێت، هاوکات دیپـلۆماتان بە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزیان گوتووە فڕۆکەکە گەڕاوەتەوە بۆ سوریا پاش ئەوەی لێی دراوە.

دمیتری مێدڤێددێڤ سەرۆک وەزیری ڕووسیا ئەمڕۆ چوارشەممە گوتی ڕووداوەکە پەرەسەندنێـکی مەترسیدارە لە پەیوەندیـیەکانی نێوان ڕووسیا و ناتۆ، ئەمەش هیچ پاساوێـکی بۆ نیـیە بە ناوی بەرژەوەندی نشتیمانی یان بەرگریکردن لە سنوور.

لە لایەکی دیکە سێرگێی شۆیگو وەزیری بەرگری ڕووسیا گوتی وڵاتەکەی سیستەمی بەرگری ئاسمانی جۆری S-400 ی بۆ بنکەیەکی لەشکری لە پارێزگای لازقیـیەی سوریا ڕەوانە دەکات. هەروەها کەشتی موشەک هەڵگری مۆسکڤا ڕەوانەی ناوچەکە دەکات.

سیستەمی S-400 یەکێکە لە چەکە هەرە پـێشـکەوتووەکانی بەرگری لە جیهاندا و موشەکی هەیە مەوداکەی 400 کیلۆمەترە و بە خێرایی زیاتر لە 7500 کیلۆمەتر لە ئامانجەکەی دەدات.

XS
SM
MD
LG