Accessibility links

تورکیا داوا لە ڕووسیا دەکات پـێکەوە ئۆپەراسیۆنی هاوبەش دژی داعش ئەنجام بدەن


تورکیا داوای لە ڕووسیا کردووە ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لە دژی داعش لە سوریا ئەنجام بدەن، ئەمەش پاش ئەوەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا سەردانی ڕووسیای کرد و لەگەڵ ڤلادیمیر پـوتن سەرۆکی ڕووسیا کۆبووەوە بە مەبەستی ئاساییکردنەوەی پەیوەندیـیەکانیان.

مەولود چاوش‌ئۆغڵو وەزیری دەرەوەی تورکیا ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە چاوپـێـکەوتنێـکیدا لەگەڵ کەناڵی تەلەفیزیۆنی NTV گوتی تاووتوێی هەموو وردەکاریـیەکان دەکەن و هەمیشە داوایان لە ڕووسیا کردووە پـێکەوە ئۆپەراسیۆن لە دژی داعش ئەنجام بدەن.

گوتیشی پـێشنیارەکە هێشـتا لەبەر دەسـتدایە و داعش دوژمنی هەردوولایانە، بۆیە داوا دەکات پـێکەوە شەڕی ئەم گروپە تێرۆرستیـیە بکەن تاوەکو هەرچی زووە نەیهێڵن. ئاگاهیشی دا ئەگەر ئەو کارە نەکرێت، ئەوا بۆی هەیە داعش بەرەو وڵاتانی دیکەش بڕوات.

باسی لەوەش کرد کە لە نزیکەوە هاوکاریکردنی تورکیا و ڕووسیا ڕێگر دەبێت لە ڕووداوی هاوشێوەی فڕۆکە ڕووسیایـیەکە، ئەوەی ساڵی ڕابردوو لە لایەن فڕۆکەکانی تورکیاوە لە نزیک سنووری سوریا خرایە خوارێ.

گوتیشی پـێویستە میکانیزمێـک دابنرێت بۆ ئاڵوگۆڕکردنی زانیاری هەواڵگری لە نێوان تورکیا و ڕووسیا لە کاتی خۆیدا. هەروەها پـێویستیشە پەیوەندی ڕاستەوخۆ لە نێوان سەرۆک و کاربەدەسـتانی لەشکری هەردوو وڵات هەبن.

XS
SM
MD
LG