Accessibility links

ساڵح موسلیم: فەرمانی دەسـتگیرکردنم لە لایەن سوڵتانەوە درچووە نەک دادگا


ساڵح موسلیم سەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکراتی کوردی سوریا دەڵێت ڕەوا نیـیە بەو بڕیارەی لە لایەن دەسەڵاتدارانی تورکیا بۆ دەسـتگیرکردنی دەرچووە پـێی بگوترێت بڕیاری دادگا، بەڵکو ئەوە فەرمانی سوڵتانێـکە کە پـێی وایە قسەی لە تەواوی جیهان دەڕوات.

موسلیم لە وتووێژێـکی تایبەتدا بۆ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا گوتی " ئەمەریکا و ئەوروپاش دەزانن ئەمڕۆ تورکیا لە لایەن تاکە کەسێـکەوە حوکمڕانی دەکرێت کە نازانێت یاسا و دادگا چیـیە." گوتیشی سەرۆکی تورکیا هەر کەسێـک لەگەڵی هاوڕا نەبێت، ئەوا تۆمەتی بۆ هەڵدەبەستێـت.

پاشان گوتی "ئەردۆغان چ پەیوەندیـیەکی بە ئێمەوە هەیە، ئێمە هاوڵاتی سوریاین و لە دەوڵەتێـکی دیکەین." گوتیشی پـێی وانیە کەس بە قسەی داواکانی بکات، بەڵام لە هەمان کاتیشدا کەس نایەوێت لە بەرامبەری بوەستێتەوە.

باسی لەوەش کرد کە پەیوەندیـیان لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردسـتان بە هاوشێوەی پەیوەندیـیانە لەگەڵ یەکێتی نیشتیمانی و پارتی دیموکراتی کوردسـتان و هەموو حزبە کوردیـیەکانی دیکەیە.

جێی ئاماژەیە ئەمڕۆ سێشەممە دادگایەکی ئەنکەرە فەرمانی دەسـتگیرکردنی بۆ 48 کەس دەرکرد بە تۆمەتی ئەندامێتی لە پەکەکە، لەوانە ساڵح موسلیم. بڕیارەکە دەڵێت بۆ لێکۆڵینەوەیە سەبارەت بە تەقینەوەکەی 17 مانگی دووی ڕابردووە، ئەوەی ئۆتۆمبیلی لەشکری لە ئەنکەرە کردە ئامانج و بووە هۆی کوژرانی 29 کەس.

وتووێژی ساڵح دەمیجەر لە بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا لەگەڵ ساڵح موسلیم.

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:09 0:00

XS
SM
MD
LG