Accessibility links

پەکەکە کۆتایی بە ئاگربەستە یەک لایەنەکەی دەهێنێت

  • VOA News

پارتی کرێکارانی کوردسـتان (پەکەکە) ئەمڕۆ پـێنجشەممە گوتی کۆتایی بەو ئاگربەستەی هێناوە کە لە پـێش هەڵبژاردنە پەرلەمانیـیەکە ڕایگەیاندبوو.

لە ڕاگەیاندنێـکدا کە لە ئاژانسی دەنگ‌وباسی فوراتی سەر پەکەکە بڵاوکراوەتەوە، هاتووە پارتی دەسەڵاتدارای ئاکەپە لە دوای هەڵبژاردنەکان نیشانی دا کە دەبێت بە حکومەتێکی شەڕ. پاشان نووسیویەتی لە ئەنجامی سیاسەتەکانی شەڕی ئاکەپە و هێرشەکانی ئەم دوایـیانەی لە دژی ئەنجامدراون، بڕیاریان داوە کۆتایی بە ئاگربەستەکەیان بهێنن.

هەروەها ئاماژەیان بۆ ئەوەش کردووە کە هەدەپە و چەند لایەنێـکی دیکەی ناو تورکیا و هێزی دەرەکی خوازیارن پەکەکە شەڕ ڕابگرێت و ئەوان هەمیشە بە گرنگیـیەوە لەو داوایانەیان ڕوانیوە و ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بۆ ئاگربەسـتێکی دوو لایەنە.

جێی ئاماژەیە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا دوێنێ چوارشەممە بەڵێنی دا بەردەوامبێت لە هەڵمەتە لەشکریـیەکەی لە دژی پەکەکە هەتا تاکە گەریلایەک مابێت.

لە هەڵبژاردنەکانی مانگی شەش پارتی ئەردۆغان زۆرینەی لەدەسـت دا ، بەڵام لە هەڵبژاردنەکانی ڕۆژی یەکشەممە جارێـکی دیکە زۆرینەی بەدەسـتهێنایەوە.

لە چەند مانگی ڕابردوو فڕۆکەکانی تورکیا شوێنەکانی پەکەکەیان بۆردومانکرد لە باشوری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە و هەرێمی کوردسـتانی عێراق و لە بەرامبەردا پەکەکەش هێرشی ئەنجامداوە. لە ئاکامی ئەم بۆردومان و هێرشانە سەدان کەس گیانیان لەدەستـداوە.

XS
SM
MD
LG