Accessibility links

تورکیا لەسەر پەیەدە ئاگاهی بە ئەمەریکا و ڕووسیا دەدات

  • VOA News

تورکیا ئاگاهی دا بە هەریەک لە ئەمەریکا ڕووسیا لەوەی یارمەتی پـێشـکەش بە هێزە کوردیـیەکانی سوریا نەکەن، ئەوانەی شەڕی دژی داعش دەکەن. دەڵێت چۆن ئێوە قبوڵ ناکەن یارمەتی قاعیدە و باڵەکانی بدرێن، تورکیاش ئەوها قبوڵ ناکات یارمەتی پەکەکە و باڵەکانی بدرێن.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێس لە زاری کاربەدەسـتێـکی وەزارەتی دەرەوەی تورکیاوە بڵاویکردووەتەوە کە گوتویەتی وەزارەتەکەی هەردوو باڵیۆزی ئەمەریکا و ڕووسیای بانگهێشتکردووە و هەڵوێستی حکومەتی تورکیای لەم بارەیەوە بۆ گەیاندوون کە ئەنکەرە پارتی یەکێتی دیموکراتی سوریا (پەیەدە) بە لایەنێـکی نزیکی پارتی کرێکارانی کوردسـتان (پەکەکە) دادەنێت.

لە لایەکی دیکە ئەحمەد داوود ئۆغڵو سەرۆک وەزیری تورکیا گوتویەتی وڵاتەکەی ڕێگە نادات "هاوکاری ئەو ڕێکخراوە تێرۆرستیـیانە بکرێن کە شەڕی لە دژ دەکەن." گوتیشی پەیوەندیـیەکی پتەو لە نێوان پەیەدە و پەکەکە هەیە.

پاشان گوتویەتی" وەکو چۆن ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی ڕێگە نادەن چەک بە قاعیدە و باڵەکانی بدرێن، تورکیاش ئەوها قبوڵ ناکات چەک بۆ پەکەکە و باڵەکانی ڕەوانە بکرێن."

جێی ئاماژەیە وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند بڕێـکی زۆر چەک و تەقەمەنی بۆ هێزەکانی ئۆپـۆزسیۆنی سوریا بە فڕۆکە هەڵداوەتە خوارێ لەو ناوچانەی لە ژێر کۆنترۆڵی هێزە کوردیـیەکاندایە لە سوریا. هەفتەی ڕابردووش میخائیل بۆگدانۆڤ نێردراوی تایبەتی سەرۆکی ڕووسیا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەگەڵ سـاڵح موسلم هاوسەرۆکی پەیەدە لە پاریس کۆبووەوە بە مەبەستی چۆنێتی هاوکاریکردن لە بواری ڕووبەڕووبوونەوەی تێرۆردا.

XS
SM
MD
LG