Accessibility links

ناتۆ پـشـتیوانی خۆی بۆ تورکیا دەردەبڕێت


هاوپەیمانی ناتۆ ئەمڕۆ سێشەممە لەسەر داوای تورکیا کۆبوونەویەکی نائاسایی سـازکرد و تیایدا پشـتیوانی خۆی بۆ تورکیا نیشـان دا، هاوکات ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا دەڵێت لەشکری وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە هێرشەکانی بۆ سەر پارتی کرێکارانی کوردسـتان و داعش.

ئەردۆغان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە ئەنکەرە گوتی" هیچ هەنگاوێـک بۆ دواوە نانێین لە شەڕی دژی تێرۆرزمدا و ئەمە بە هەمان ئەندازە بەردەوام دەبێت."

گوتیشی دڵنیایە لەوەی هاوپەیمانی ناتۆ ڕێوشوێنی پـێویست دەگرێتەبەر.

لە برۆکسلیش و بەر لەوەی ناتۆ کۆبوونەوەکەی لە پشـت دەرگای داخراودا ئەنجام بدات، جێنز ستۆلتنبێرگ سکرتێری گشـتی ناتۆ گوتی " ئێمە بە توندی هاوسۆزین لەگەڵ تورکیای هاوپەیمانمان."

تورکیا بەپـێی ماددەی 4 لە پەیمانـنامەی ناتۆ داوای سـازدانی کۆبوونەوە نائاسایـیەکەی کردبوو. ماددەکە ڕێگە بە وڵاتانی ئەندامی دەدات داوای کۆبوونەوەیەکی لەو جۆرە بکەن هەر کاتێـک پـێـیان وابێت مەترسی بۆ سەر خاک و ئاسایشی وڵاتەکەیان هەیە.

ئەمەریکا ڕۆژی دووشەممە گوتی لەگەڵ تورکیا کاردەکات بۆ نەهێشتنی چەکدارانی داعش لە باکوری سوریا.

XS
SM
MD
LG