Accessibility links

لۆکسمبۆرگ: تورکیا بە شێوازی نازیـیەکان مامەڵە لەگەڵ فەرمانبەرە دەرکراوەکانی دەکات


وەزیری دەرەوەی لۆکسمبۆرگ دەڵێت مامەڵەی حکومەتی تورکیا لەگەڵ ئەو فەرمانبەرانەی دەریکردوون، لە ڕەفتاری نازیـیەکان دەچێت و دەبێت یەکێتی ئەوروپا زوو یان درەنگ بە سەپاندنی سزا وەڵادانەوەی لە بەرامبەردا هەبێت.

جان ئەسێلبۆرن ئەمڕۆ دووشەممە گوتی ئێستا لە تورکیا کەسانێـک هەن بڕوانامەی زانکۆکەیان لێ سەندراوەتەوە، زۆرێـک لەوانە هیچ داهاتێـکی تریان نیـیە. هەروەها هەندێک لەو مامۆستایانەی دەرکراون، تاکە سەرچاوەی بژێوی ژیانی خێزانەکانیانن و ئێستا ناتوانن نان بۆ خێزانەکانیان بکڕن.

پاشان گوتی " بە ڕاشکاوانە ئەمانە شێوازێـکن لە سەردەمی نازیـیەتدا بەکارهێنراون و ئەمەش پـێشهاتەیەکی زۆر خراپە ناکرێت یەکێتی ئەوروپا هەر وا بە سانایی قبوڵی بکات."

وەزیری دەرەوەی لوکسنبۆرگ پـێشنیاری کرد سزای ئابوری بەسەر تورکیادا بسەپـێنرێت، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد 50% ی هەناردەکانی ئەو وڵاتە بۆ ئەوروپایە و 60%ی وەبرهەمهێنانی تورکیا لە ئەوروپاوە دێن.

لەوەتای لە مانگی حەوتەوە هەوڵی کودەتا لەشکریـیەکە درا، دەسەڵاتدارانی تورکیا زیاتر لە 110 هەزار کەسیان دەسـتگیرکردووە یان لە کارەکانیان دەریانکردوون یانش لە کارکردن ڕایانگرتوون، لە نێویاندا جەنەڕاڵی باڵا و دادوەر و مامۆستا و ڕۆژنامەوان هەن.

هەموو ئەوانەی لە کارەکانیان لادراون ناوەکانیان لە ڕۆژنامە فەرمیـیەکاندا بڵاوکراونەتەوە، بەمەش قورسە بۆیان کار بدۆزنەوە و لەگەڵ ئەوەشدا پاسپـۆرتەکانیشیان لێ سەندراوەتەوە.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا ڕۆژی یەکشەممە گوتی ڕەخنەی وڵاتانی ڕۆژئاوا پشـتگوێ دەخات و بە لایەوە گرنگ نیـیە ئەگەر بە دیکتاتۆر ناودێری بکەن.

XS
SM
MD
LG