Accessibility links

دەسەڵاتدارانی تورکیا قەدەغەی هاتووچۆ بەسەر ناوچەی دیکەی ئامەد دەسەپێنن


ئۆفیسی ناوچەی سوور لە ناوەندی شاری ئامەد دەڵێت بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆ لە ناوچەکەی فراوانتر کراوە و ئێسـتا 5 بەشی دیکەی ناوچەکەیان دەگرێتەوە لەگەڵ جادەیەکی سەرەکی.

ئۆفیسەکە ئەمڕۆ چوارشەممە گوتی ئەم بڕیارە دراوە تاوەکو هێزەکانی حکومەت بتوانن بەربەستەکانی سەر جادە و نێو کۆڵانەکان لابرن لەگەڵ ئەو بۆمبە چێنراوانەی دانراون.

لە لایەکی دیکە لەشکری تورکیا بەیانـنامەیەکی بڵاوکردەوە و تیایدا نووسیویەتی ڕۆژی سێشەممە 20 چەکداری کوردیان لە ناوچەکانی باشوری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە کوشتووە، بەڵام لە هێرشێـکی چەکدارە کوردەکانیش 3 سەربازی تورک کوژراون.

لەشکر دەڵێت 11 لەوانە کە ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردسـتان بوون، لە شارۆچکەی جزیرەی نزیک سنووری سوریا کوژراون و 9 کەسەکەی دیکە لە ناوچەی سووری ئامەد. دەشڵێت بەمە ژمارەی کوژراوانی پەکەکە لەو دوو ناوچەیە لەوەتای مانگی ڕابردوو ئۆپەرسیۆنەکان دەسـتیانپـێـکردووە گەیشتووەتە نزیکەی 600 کەس.

هەروەها دەڵێن چەکدارە کوردەکانیش لە سوور لە هێرشێـکدا 2 پـۆلیسیان بریندارکردووە و لە هێرشێـکی دیکە بە ئاڕپـیجی 3 سەربازیان کوشتووە و 3 ی دیکەیان بریندارکردووە.

جێی ئاماژەیە بەهۆی ئۆپـۆراسیۆنەکانی لەشکرەوە زیانێـکی زۆر بەو ناوچە مێژوویـیەی سوور گەیشتووە و هەروەها دانیشـتوانەکەی دووچاری ڕەوشێـکی خراپی بێ وێنە بوونەتەوە.

XS
SM
MD
LG