Accessibility links

تورکیا: هەتا یەپەگە لە ڕۆژئاوای فورات نەکشێتەوە لێی دەدەین

  • VOA News

تورکیا دەڵێت ئەگەر بێت و هێزە کوردیـیەکانی سوریا بەڵێنەکەیان جێبەجێ نەکەن و نەگەڕێنەوە بۆ دیوی ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فورات، ئەوا بەردەوام دەبین لەوەی بیانکەینە ئامانج.

مەولود چاوش‌ئۆغڵو وەزیری دەرەوەی تورکیا ئەمڕۆ دووشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش لەگەڵ وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا لە ئەنکەرە گوتی " بەر لە هەموو شتێـک دەبێت هەرچی زووە بگەڕێنەوە بۆ دیوی ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فورات، وە هەتا ئەوان ئەمە نەکەن، ئەوا لێـیان دەدەین."

پاشان چاوش‌ئۆغڵو هێزە کوردیـیەکانی بە ئەنجامدانی پاکتاوی نەژادی تاوانبارکرد و گوتی پارتی یەکێتی دیموکرات (پەیەدە) دانیشتوانی ئەو ناوچەیەی ناچارکردووە بڕۆن و هەر کەسێـک هەمان بیروبۆچوونی ئەوانی نەبێت بە کوردەکانیشەوە لەوێ نایهێڵن.

لە لایەکی دیکە کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند ژمارەی قوربانیانی هێرشە ئاسمانیـیەکانی دوێنێی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی مغر ئەلسریسات و جب ئەلکوسا لە باشوری جەرابلوس گەیشتووەتە 41 کوژراو و نزیکەی 70 بریندار کە هەندێـکیان برینەکانیان قورسە. دەشڵێت لە نێو کوژراوەکاندا 6 منداڵ و 6 ژن هەن و هەروەها 13 کەسیان ئەندامی یەک خێزان بوون.

XS
SM
MD
LG