Accessibility links

نەتەوە یەکگرتووەکان: نزیکەی 2 هەزار کەس لە ناوچە کوردیـیەکانی تورکیا کوژراون


نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت نزیکەی 2 هەزار کەس لە باشوری ڕۆژهەڵاتی تورکیا کوژراون لە ماوەی 18 مانگی ئۆپەراسیۆنی هێزەکانی ئاسایش، هەروەها زیانێکی ئێجگار زۆر بە ناوچەکە گەیشتووە و مافەکانی مرۆڤ بە شێوەیەکی مەترسیدار پـێشێلکراون.

ئۆفیسی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ئەمڕۆ هەینی لە ڕاپـۆتێـکیدا نووسیویەتی لە نێوان مانگی حەوتی ساڵی 2015 هەتا مانگی دوازدەی ساڵی 2016 نزیکەی 500 هەزار کەس کە زۆربەیان کوردبوون ئاوارکراون و وێنەکانی سەتەلایت نیشانی دەدەن بەهۆی بەکارهێنانی چەکی قورسەوە وێرانیـیەکی ئێجگار گەورە لە ماڵ‌وحاڵی ئەو خەڵکانە کەوتووە.

پـێشێلکاریـیەکانی بەرامبەر مافەکانی مرۆڤ لەوێ کراون لە لایەن لێکۆڵەرەوانی نەتەوە یەکگرتووەکان تۆمارکراون، لەوانە کوشتن و ئەشکەنجەدان و بێ سەروشوێنکردن، بە تایبەتی لەو کاتانەی قەدەغەکردنی هاتوچۆیان ڕادەگەیاند کە جاری وەها هەبووە بۆ چەند ڕۆژێـک درێژەیان کێشابوو.

زەید رەعەد ئەلحسێن بەرپـرسی ئۆفیسی مافەکانی مرۆڤ لە بەیانـنامەیەکدا نوسیویەتی تورکیا ڕێگەی نەداوە لێکۆڵەرەوانی نەتەوە یەکگرتووەکان سەردانی ئەو ناوچانە بکەن و هەروەها ئەو ڕاپـۆرتانەی ڕەتکردووەتەوە کە باسیان لە پـێشێلکاریـیەکان کردبوو.

گوتیشی" پـێدەچێت تاکە کەسیک دەستگیرنەکرابێت و تاکە کەسێکیش لێپـێچینەوەی لەگەڵدا نەکرابێت. بۆیە زۆر پـێویستە لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ ئەنجام بدرێت."

ڕۆبەرت کۆلڤیڵ گوتەبێژی زەید ڕەعەد گوتی دەکرێت لێکۆڵینەوەکە لە لایەن دەستەیەکی نێودەوڵەتی یان تورکی ئەنجام بدرێت، بەڵام دەبێت سەربەخۆ و بێ لایەن بێت. گوتیشی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر لیکۆڵینەوەکانی بەردەوام دەبێت و ڕەنگە هەموو سێ مانگ جارێک ڕاپـۆرتێک لەسەر تورکیا بڵاوبکرێتەوە.

ڕاپـۆرتەکەی ئەمڕۆ دەڵێت لەو 2 هەزار کەسەی کوژراون نزیکەی 800 کەسیان لە هێزەکانی ئاسایش بوون و ئەوانی دیکە ڕەنگە بەشداریـیان کردبێت لە کارەکانی دژە دەوڵەت.

هەروەها تیایدا نووسراوە لە سەرەتای ساڵی 2016 لە چەند ژێرزەمینێکدا لە شاری جزیرە 189 کەس بۆ ماوەی چەندان هەفتە نەیانتوانیبوو بێنە دەرێ و بەبێ ئاو و خۆراک و کارەبا و خزمەتی تەندروستی مابوونەوە و پاشان بەهۆی تۆپـبارانەوە سووتاون و گیانیان لەدەستداوە.

ڕاپـۆرتەکە هەروەها نووسیویەتی خێزانێک سێ پارچە خەڵوزی بچووکیان داونەتێ کە بە تاقیکردنەوەی DNA دەرکەوتووە پارچەی تەرمی کچەکەیان بووە. پاشان خوشکەکەی داوایکردبوو ڕێوشوێنی یاسایی بگیرێتەبەر، بەڵام دەسەڵاتداران تۆمەتی پەیوەندی بە تێرۆریان ئاڕاستەکردبوو.

کۆڵڤیڵ گوتی ئاماری ژمارەی کوژراوەکان لە لایەن حکومەتی تورکیاوە بەدەسـتیان کەوتووە.

دەسەڵاتدارانی تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) یەکتر بە کوشتنکاریـیەکان تاوانباردەکەن.

کۆڵڤیڵ لەم بارەیەوە گوتی " بێ گومان پارتی کرێکارانی کوردستانیش تاوانی ئەنجامداوە و پـێشێلکاری کردووە و دەبێت دەستنیشان و ئاشکرای بکرێن."

هەروەها گوتی کێشەکە لەوەدایە لێکۆڵینەوەکان وەک پـێویست ئەنجام نەدراون و کەس نازانێت بە وردی هەریەکەیان چی کردووە.

XS
SM
MD
LG