Accessibility links

فیگەن یوکسەکداغ لە ئەندامێتی پەرلەمانی تورکیا لادەدرێت

  • VOA News

دەسەڵاتدارانی تورکیا ئەندامێتی پەرلەمانیان لە فیگەن یوکسەکداغ هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) سەندەوە، پاش ئەوەی دادگای پـیاداچوونەوە لە ئەنکەرە بڕیارێـکی پـێشووی دادگایەکی لە دژی پەسەندکرد، بەوەی پرۆپاگەندەی بۆ تێرۆرکردووە.

بڕیاری دادگاکە ئەمڕۆ سێشەممە لە پەرلەمانی تورکیا خوێندرایەوە و چیتر فیگەن یوکسەکداغ ناتوانێت وەک پەرلەمانتارێـک و نوێنەرێـکی پارێزگای وان ڕۆڵی خۆی ببینێت.

بەپـێی دەستوری تورکیا، پەرلەمان دەسەڵاتی هەیە ئەندامێتی لە هەر پەرلەمانتارێـک بسەنێتەوە ئەگەربێت و بڕیارێـکی کۆتایی لە لایەن دادگاوە لە دژی دەربچێت و تیادا ئاماژەبکرێت تاوانی ئەنجامداوە.

جێی وەبیرهێنانەوەیە داواکاری گشتی تورکیا لە 17 ی مانگی یەک چەندان سکاڵای خۆی لە دژی هەردوو هاوسەرۆکی هەدەپە تۆمارکرد. ئەگەربێت سکاڵاکان پشتڕاستبکرێنەوە، ئەوا شیانی هەیە سەڵاحەدین دەمیرتاش هەتا 142 ساڵ و فیگەن یوکسەکداغ هەتا 83 ساڵ حوکمی زیندانی بدرێن.

سەرەتای مانگی یازدەی ساڵی ڕابردوو هەردوو هاوسەرۆکی هەدەپە لەگەڵ 9 پەرلەمانتاری دیکەی سەر بە پارتەکەیان دەسـتگیرکران بە تاوانی وەکو وەزارەتی ناوخۆی تورکیا دەڵێت"پـڕۆپاگەندە بۆ پەکەکە، هاندانی خەڵکی بۆ ڕق و کینە، پەیوەندیکردن بە پەکەکەوە، هەوڵی تێـکدانی یەکپارچەیی خاکی تورکیا، بۆیە داواکارانی گشتی لە دیاربەکر و هەکاری و وان و شەرناخ و بینگۆل داوای دەسـتگیرکردنیان کردوون.

هەدەپە لە هەڵبژاردنە پەرلەمانیـیەکەی 7 ی مانگی شەشی ساڵی 2015 ، لە کۆی 550 کورسیـیەکەی پەرلەمانی تورکیا 80 کورسی بردەوە، بەڵام ئاکەپە لەگەڵ پارتەکانەدا ڕێکنەکەوت بۆ پـێکهێنانی حکومەت، بۆیە لە 1 ی مانگی یازدەی هەمان ساڵ هەڵبژاردنەکان دووبارەکرانەوە و ژمارەی کورسیـیەکانی هەدەپە بۆ 59 دابەزین.

XS
SM
MD
LG