Accessibility links

پەرلەمانی تورکیا تاووتوێی لابردنی پەناپارێزی لەسەر ژمارەیەک پەرلەمانتار دەکات


پەرلەمانی تورکیا ئەمڕۆ سێشەممە دەسـتیکردووە بە تاووتوێکردنی پـرۆژە بڕیارێـک بۆ لابردنی پەناپارێزی پەرلەمانی لەسەر ژمارەیەک ئەندام پەرلەمان، ئەمەش تاوەکو بتوانرێت دادگایی‌بکرێن.

دانیشتنەکە پاش نێوەڕۆی ئەمڕۆ دەسـتیپـێکردووە و چاوەڕوان دەکرێت هەتا شەو بەردەوامبێت و پاشان بە شێوەیەکی نهێنی دەنگی لەسەر دەدرێت و دواتر ڕۆژی هەینی دەنگدانی دووەم و کۆتایی بۆ ئەنجام دەدرێت.

پـرۆژە بڕیارەکە لە لایەن پارتی ئاکەپەی دەسەڵاتدارەوە ئامادەکراوە کە داوادەکات ماددەی 83 ی دەسـتور هەڵپەسێردرێت، ئەوەی مافی پەناپارێزی پەرلەمانی بۆ پەرلەمانتارەکان دابین دەکات.

بۆ ئەوەی پـرۆژەکە ببێتە بڕیار پـێویستە بە لایەنی کەم دوو لەسەر سێی پەرلەمانتاران پەسەندی بکەن کە دەکاتە 367 پەرلەمانتار. بەڵام ئاکەپە 317 ئەندام پەرلەمانی هەیە و هیوای بە مەهەپەی نەتەوە پەرەستە لەم هەنگاوە پشـتیوانی لێبکات کە 40 پەرلەمانتاری هەیە. تەنانەت ئەگەربێت و تەنیا 330 پەرلەمانتار لەگەڵ پـرۆژەکە بن، ئەوا دەتوانن بەپـێی دەستور داوا بکەن لە ڕیفراندۆمێـگی گشتیدا دەنگی لەسەر بدرێت.

چاودێران دەڵێن ئەگەربێت و پـرۆژە بڕیارەکە پەسەندبکرێت، ئەوا نزیکەی 130 ئەندام پەرلەمان لە کۆی 550 پەرلەمانتارەکەی پەرلەمان دەگرێتەوە. هەدەپەش دەڵێت لە کۆی 59 پەرلەمانتارەکەی ڕەنگە 50 یان بدرێنە دادگا.

سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ هەردوو هاوسەرۆکی هەدەپە لە نامەیەکیاندا بۆ پەرلەمانی ئەوروپا نووسیویانە ئامانجی ئەم هەنگاوە، نەهێشتنی هەدەپەیە لە پەرلەمان، ئەمەش تاوەکو بۆ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا ئاسان بێت لەوەی بە خەونەکەی بگات و گۆڕانکاری لە دەسـتور بکات بە شێوەیەک سیستەمی وڵاتەکە بکات بە سەرۆکایەتی.

XS
SM
MD
LG