Accessibility links

سەرۆک وەزیری تورکیا داوای لابردنی پارێزبەندی پەرلەمانی لەسەر ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی هەدەپە دەکات


سەرۆک وەزیری تورکیا داوای لە پەرلەمانی وڵاتەکەی کردووە پارێزبەندی پەرلەمانی لەسەر ئەو پەرلەمانتارانە لاببرێت کە ئەندامی باڵای پارتی دیموکراتی گەلانن (هەدەپە).

ئەحمەد داوود ئۆغڵو ئەمڕۆ چوارشەممە ئەم داوایەی لە پەرلەمان کرد بە مەبەستی دادگایی‌کردنی ئەو پەرلەمانتارانە بە تاوانی "ئەندامێتی لە گروپی تێرۆرسـتی چەکدار."

پـێشتریش ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا ئەویش پەرلەمانتارانی هەدەپەی تاوانبارکرد بەوەی بەشێـکن لە پارتی کرێکارانی کوردسـتان و گوتی دەبێت دادگایی بکرێن.

کاربەدەسـتان لە پەرلەمان بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرزیان گوت ئۆفیسی سەرۆک وەزیر داوایکردووە پارێزبەندی لاببرێت لەسەر هەریەک لە سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ هاوسەرۆکەکانی هەدەپە و هەروەها پەرلەمانتارانی دیکەی وەکو سەلما ئیرماک و سێری سورەیا ئوندەر و ئۆرتۆغرۆڵ کورکچو.

دەشڵێن تەنیا دەمیرتاش نزیکەی 60 کەیس لە دژی تۆمارکراون و بەهۆیانەوە داوا لە پەرلەمان کراوە پارێزبەندی پەرلەمانیـیەکەی لەسەر لابەرێت. ژمارەیەک لە کەیسەکان لە ئەنجامی داوای سازکردنی خۆپـیشاندانی ناڕەزایی بوون.

ئەم هەنگاوەی دەسەڵاتدارانی تورکیا ڕەنگە ببێتە مایەی گرژی زیاتر لە ناوچە کوردیـیەکانی تورکیا بە تایبەتی لە پاش ئەو ڕەوشە ناهەموارەی چەند مانگی ڕابردوو لەو ناوچانەدا.

XS
SM
MD
LG