Accessibility links

سەڵاحەدین دەمیرتاش بڕیار دەدات لە زیندان مان لە خواردن بگرێت

  • VOA News

سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی هەدەپە دەڵێت بەنیازە لە ڕۆژی هەینیـیەوە دەسـتبکات بە مانگرتن لە خواردن، وەک دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر خراپی ڕەوشیان لە نێو زینداندا.

دەمیرتاش ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە نامەیەکی بۆ پارتەکەی دەڵێت بڕیاری مانگرتنی لە خواردن داوە چونکە کاربەدەسـتانی زیندانەکە ڕەتیانکردووەتەوە لەگەڵیدا قسەبکەن لەسەر هەڵسوکەوتە نایاسایـیەکانی بەرامبەریان لە زینداندا دەکرێن.

لەوەتای مانگی یازدەی ساڵی ڕابردووەوە هەردوو هاوسەرۆکی هەدەپە سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ لەگەڵ 11 پەرلەمانتاری دیکەی هەدەپە دەستگیرکراون بە تۆمەتی پەیوەندی بە پەکەکەوە.

دەمیرتاش لە زیندانێکی پارێزگای ئەدرنەیە لە باکوری ڕۆژئاوای تورکیا کە نزیکەی 1500 کیلۆمەتر لە ئامەدەوە دورە. زۆربەی دەسـتگیرکراوە کوردەکان لە زیندانەکانی ئەدرنە و ئیزمیر و ئەنکەرە و ڤان مان لە خواردن دەگرن.

هەدەپە کە دووەم پارتی ئۆپـۆزسیۆنە لە تورکیا لە دژی گۆڕینی سیستەمی وڵاتەکەیە لە پەرلەمانیـیەوە بۆ سەرۆکایەتی، ئەوەی بڕیارە لە 16 ی مانگی چوار لە ڕیفراندۆمێکدا هەموارکردنی دەستوری بۆ پەسەندبکرێت.

XS
SM
MD
LG