Accessibility links

ئەمنستی: تورکیا بە ئۆپەراسیۆنە لەشکریـیەکەی سزای بە کۆمەڵی کورد دەدات


رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی Amnesty International دەڵێت هەڵمەتی حکومەتی تورکیا لە دژی سەرهەڵداوانی کورد بووەتە سزادانێـکی بە کۆمەڵ بۆ خەڵکی و ژیانی دەیان هەزار کەسی خستووەتە بەر مەترسیـیەوە.

هێزەکانی تورکیا لەوەتای مانگی حەوتەوە ئۆپەراسیۆنێـکی لەشکری نوێـیان دەسـتپـێکردووە بە هێرشی ئاسمانی و زەمینی بۆ سەر ناوچە کوردیـیەکان لە باشوری رۆژهەڵاتی تورکیا، بەمەش کۆتایی هات بەو ئاگربەستەی نێوان حکومەتی تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردسـتان کە بۆ ماوەی 2 سـاڵ بەردەوام بوو.

هەرچەندە بە گوتەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا ئامانجی هێرشەکە کە وەکو خۆی دەڵێت "کوشتنی دوایـین تێرۆرسـتی پەکەکەیە"، بەڵام هەتا دێت و زیاتر زیان بە خەڵکی سیڤیلی ناوچەکە دەگات.

بەپێی ئەم راپۆرتەی ئەمنستی کە ئەمڕۆ پـێنجشەممە بڵاوکراوەتەوە، لەوەتای مانگی حەوتی سـاڵی 2015 وە زیاتر لە 150 کەسی سیڤیل کوژراون، لە نێویاندا ژن و منداڵ و کەسانی بە تەمەن هەن.

ڕێکخراوەکە کە بارەگاکەی لە لەندەنە دەڵێت لەم ئۆپەراسیۆنە لەشکریـیانەی لە ناوچەی خەڵکی سیڤیل بەڕێوەچوون، چەکی قورس و قەناس بەکارهێنراون، ئەمەش ژیانی خەڵکی سیڤیلی ئاسایی خستووەتە بەر مەترسیـیەوە.

پاشان ڕەخنە لە هێزە ئاسایشیـیەکان گرتووە و دەڵێت بە توندی و زۆردارانە مامەڵە دەکەن.

جۆن دالهوزن بەڕێوەبەری بەشی ئەوروپا و ناوەندی ئاسیای ئەمنستی دەڵێت " لە هەندێـک ناوچە بۆ ماوەی زیاتر لە مانگێـک ڕێگە بە خەڵکی نەدراوە لە ماڵەکانیان بچنە دەرێ و گەمارۆیان خستووەتە سەر تەواوی گەڕەکەکان."

پاشان داوا لە دەسەڵاتدارانی تورکیا دەکات ڕێگە بدرێت خۆراک و پـێداویستیـیە باری مرۆیی هێندەی دیکە خراپـتر بێت.

ئەمنستی دەڵێت هەندێـک لە وڵاتان بێ دەنگن لە ئاست ئەم سەرکوتکردنانەی حکومەتی تورکیا ، ئەمەش ڕەنگە نەیانەوێت ئەم هاوپەیمانەیان لە شەڕی دژی داعش لە خۆیان زیزبکەن. جۆن دالهوزن لەم بارەیەوە دەڵێت نابێت ئەم بەرژەوەندیـیانە بخرێنە پـێش مافەکانی مرۆڤەوە.

مانگی ڕابردوو، ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ Human Rights Watch ئەویش داوای لە تورکیا کرد ئەو هێزە لەشکریـیە گەورەیە لە ناوچە کوردیـیەکان بەکارنەهێنێت و پاشان لێکۆڵینەوە بکات لەسەر هۆکاری کوشتنی خەڵکی سیڤیل لە میانەی شەڕەکاندا.

تورکیا ڕێگەی لە چاودێرانی بیانی گرتووە بچنە ئەو ناوچانە، بۆیە سەختە زانیاری ورد لە بارەی ڕەوشەکە بگاتە دەرێ. هەروەها ڕێوشوێنی توندیش لە بەرامبەر ئەو کەس و لایەنانەش لە نێو وڵاتەکە گیراونەتەبەر کە ڕەخنە لەو ئۆپەراسیۆنە لەشکریـیانەی حکومەت دەگرن.

XS
SM
MD
LG