په‌رله‌مانتارێـکی کورد له تورکیا ده‌ڵێت خۆپـیشـاندانێـکی گه‌وره‌یان هه‌ڵوه‌شـاندووه‌ته‌وه که بڕیاربوو له به‌نده‌رێـکی باکوری ڕۆژئاوای وڵاته‌که‌دا سـازبکرێت له نزیـک ئه‌و زیندانه‌ی ڕێبه‌ری پارتی کرێـکارانی کوردسـتان عه‌بدوڵڵا ئوجه‌لانی لێـیه.
یاسادانه‌ر ئه‌یسه‌ل توگلوک گوتوویه‌تی بڕیاری هه‌ڵوه‌شـاندنه‌وه‌که درا پاش ئه‌وه‌ی هێزه‌کانی پـۆلیسی به‌نده‌ری گه‌ملیک ڕێگه‌یان به‌و پاسانه نه‌دا که خۆپـیشـانده‌رانیان هه‌ڵگرتبوو له‌وه‌ی بچنه ناو شـارۆچکه‌که‌ی. هه‌روه‌ها ته‌له‌فیزیۆنی تورکی گوتی کاروانێـکی ئۆتۆمبیل که نزیکه‌ی 1000 خۆپـیشـانده‌ریان تێدا بوو ڕۆژی شه‌ممه ڕێـگه‌یان پێ‌نه‌دراوه له شـاری دیاربه‌کره‌وه ده‌ربچن.
بڕیاربوو ئه‌م خۆپـیشـاندانه سـازبکرێت به مه‌به‌ستی داواکردن له حکومه‌تی تورکیا که دان بنێت به عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان وه‌ک نوێنه‌ری شه‌رعی ئه‌وان له هه‌ر وتووێژێـکی ئاشـتیدا ئه‌گه‌ر هاتوو له ئاینده‌دا ئه‌نجام درا.
زوویه‌کی ئه‌مسـاڵ عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان له ڕێـگه‌ی پارێزه‌ره‌کانیـیه‌وه په‌یامێـکی ناردبوو و تیایدا گوتبووی ئه‌و له‌گه‌ڵ کاربه‌ده‌سـتانی تورکی قایل بوون به دانانی ئه‌نجومه‌نێـکی ئاشـتی به مه‌به‌ستی دۆزینه‌وه‌ی ڕێـگه‌چاره‌یه‌کی ئاشـتیـیانه بۆ ئه‌و ناکۆکیـیه‌ی 27 سـاڵه درێژه‌ی کێشـاوه.
جێی وه‌بیرهێنانه‌وه‌یه عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان له سـاڵی 1999 وه حوکمی زیندانی هه‌تاهه‌تایی دراوه. له‌وه‌تای سـاڵی 1984 وه شه‌ڕی چه‌کداری په‌که‌که ده‌سـتیپـێـکردووه به مه‌به‌ستی به‌ده‌سـتهێنانی خودموختاری بۆ کورد له تورکیا و ئه‌وه‌ش بووه‌ته مایه‌ی کوژرانی زیاتر له 40 هه‌زار که‌س.