به‌ر له‌وه‌ی تورکیا ڕیفۆرمی سیسته‌می دادوه‌ریی نه‌وجه‌وانانی ژێر ته‌مه‌ن هه‌ژده ساڵی بکات له مانگی حه‌وتی ڕابردوودا، سه‌دان منداڵی کورد ده‌ستگیرکرابوون و داداگایی کران و ده‌خرانه زیندانه‌وه، به تاوانی پشتیوانکردنی پارتی کرێکارانی کوردستان.
له‌و ڕاپۆرته‌دا که دۆریان جۆنس، په‌یامنێری ده‌نگی ئه‌مریکا له شاری دیاربه‌کره‌وه بۆی ناردووین باس له‌وه ده‌کات له‌و ده‌مه‌وه زۆرێک له‌و منداڵانه ئازادکراون، به‌ڵام گه‌لێ نیشانه‌ی خراپی باری ده‌روونییان پێوه دیاره له‌پاش ئازادکردنه‌کانیان.
له شاری دیاربه‌کر، هه‌وڵه‌کان له ئارادان بۆ چاره‌سه‌رکردنی باری سایکۆلۆژی ئه‌و منداڵانه‌ی له زیندان نرابوون.
هیبۆن ئاکایا، ته‌مه‌نی پازده ساڵ بووه که له تورکیا گیرابوو وه ئێستا ته‌مه‌نی هه‌ژده ساڵه و له ماوه‌ی گرتنه‌که‌یدا بۆ ماوه‌ی ساڵێک له گرتووخانه‌ی گه‌وره‌کاندا دانراوه و ده‌شڵێت ئه‌وه‌ی به‌سه‌ریدا هاتووه هه‌موو منداڵی له بیربردۆته‌وه.
نێوه‌ندێکی وه‌ک ئه‌وه‌ی له دیاربه‌کر هه‌یه بۆ چاره‌سه‌رکردنی سایکۆلۆژیانه‌ی ئه‌و منداڵانه ته‌نها ده‌توانێت له یه‌ک کاتدا خزمه‌تی ژماره‌یه‌کی دیاریکراوی ئه‌و منداڵانه بکات، له ده‌مێکدا سه‌دان منداڵی تر به ته‌نیا ڕووبه‌ڕووی ئه‌و باره ناهه‌مواره ده‌رونیانه‌یان ده‌بنه‌وه.
هاوکارمان به‌ڵین ساڵح ئه‌م ڕاپۆرته‌تان پێشکه‌ش ده‌کات
بۆ گوێگرتن له ده‌قی ڕاپۆرته‌که له‌سه‌ر بڵاوکردنه‌وه‌ی باری ده‌روونی منداڵه کورده گیراوه‌کان له تورکیا ده‌توانیت کلیکی ئه‌و فایله ده‌نگیانه‌ی سه‌ره‌وه‌ی ده‌سته چه‌پ بکه‌یت که ماوه‌که‌ی 5:21 خوله‌که.