Accessibility links

ژمارەی قوربانیانی هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی ئستەنبوڵ گەیشتە نزیکەی 50 کوژراو

  • VOA News

کاربەدەسـتێـکی باڵای تورکیا دەڵێت ژمارەی قوربانیـیانی هێرشە خۆکوژیـیەکانی شەوی سێشەممە کرانە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ئەتاتورک لە ئستەنبوڵ گەیشتووەتە نزیکەی 50 کوژراو.

پـێشتر واسب شاهین فەرمانڕەوای ئەستەنبوڵ گوتی 28 کەس کوژراون و 60 کەسی دیکە برینداربوون.

لە لایەکی دیکە بەکر بۆزداگ وەزیری دادی تورکیا گوتی بەپـێی ئەو زانیاریـیانەی پـێیگەیشتووە سەرەتا خۆکوژێـک بە چەکی کلاشینکۆڤ تەقەی لە دەروازەی هۆڵی گەشتیـیە نێودەوڵەتیـیەکانی فڕۆکەخانەکە کردووە و پاشان خۆی تەقاندووەتەوە.

کاربەدەسـتانی ئاسایشی دەڵێن 3 کەسی خۆکوژ هێرشەکەیان کردووە و بەپـێی بەڵگە سەرەتایـیەکانی بەر دەستیان کەوتوون وەها پـێدەچێت داعش لە پشـت هێرشەکەوە بێت.

هەر ئەمشەوە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا لە کۆشـکی سەرۆکایەتی لە ئەنکەرە کۆبوونەوەیەکی بە پەلەی سازکرد لەگەڵ بن عەلی یەڵدرم سەرۆک وەزیر و خڵوسی ئاکار سەرۆکی دەستەی ئەرکانی لەشکر.

دەستەی باڵای ڕادیۆ و تەلەفیزیۆنی تورکیا بە پەلە هەموو دەزگاکانی ڕاگەیاندنی وڵاتەکەی ئاگادارکرد کە بە شێوەیەکی کاتی بڵاوکردنەوەی هەواڵی هێرشەکە قەدەغەیە بەپـێی ماددەی حەوتی یاسای ژمارە 6112 کە ڕێگە دەدات بڵاوکردنەوەی هەواڵ ڕابگیرێت ئەگەربێت و زیان بگەیەنێت بە ئاسایشی نەتەوەیی یان نائارامی لە وڵاتەکە بنێتەوە.

XS
SM
MD
LG