Accessibility links

کەسێـک بە چەقۆوە هەوڵی هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە تورکیا دەدات


کەسێـک بە چەقۆوە هەوڵی دابوو هێرش بکاتە سەر باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە ئەنکەرەی پایتەختی تورکیا، بەڵام لە لایەن پاسەوانێـکی باڵیۆزخانەکەوە تەقەی لێکرا و بە برینداری دەسـتگیرکرا.

هەوڵی هێرشەکە بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە درابوو و بەپـێی پـۆلیسی تورکیا کەسە بە هاواری "الله اکبر" وە بەرەو باڵیۆزخانەکە چووە و لە لایەن پاسەوانێـکەوە گولـلە بەر لاقێـکی نراوە.

ئۆفیسی فەرمانڕەوای ئەنکەرە بەیانـنامەیەکی لەم بارەیەوە بڵاوکردەوە و تیایدا نووسیویەتی کەسەکە ناوی عوسمان نوری چاڵشکانە و لە دایکبووی ساڵی 1975 ی شاری کونیەیە و هیچ زانیاریـیەکیان لەسەری نیـیە ئایا پەیوەندی بە تێرۆرەوە هەیە یان نا.

دەشڵێت چەقۆیەکی پێ بووە درێژیـیەکەی 30 سانتیمەتر بووە لەگەڵ جانتایەک و بەپـێی لێکۆڵینەوە سەرەتایـیەکان پـێدەچێت مێشکی تەواو نەبێت.

ئیمانۆێل نەحشۆن گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل لە ئۆرشەلیم گوتی هیچ کارمەندێـکی باڵیۆزخانەکە زیانی پـێـنەگەیشتووە و هێشتا زانیاری وردیان لە بارەی هەوڵی هێرشەکەوە پێ نەگەیشتووە.

XS
SM
MD
LG