Accessibility links

وەزیری بەرگری ئەمەریکا: دەبێت تورکیا زیاتر لە دژی داعش کاربکات


وەزیری بەرگری ئەمەریکا دەڵێت دەبێت لە چوارچێوەی هەڵمەتی نێودەوڵەتی دژی داعش تورکیا هەوڵی زیاتر بدات.

ئاشتۆن کارتەر ڕۆژی پـێـنجشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا گوتی هەرچەندە تورکیا مۆڵەتی بە ئەمەریکا داوە بنکە ئاسمانیـیەکانی لە دژی داعش بەکاربهێنێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت زیاتر لە دژی داعش کاربکات.

جەختی لەوە کردەوە کە تورکیا وەکو دەوڵەتێـکی دراوسێی سوریا و عێراق دەبێت هەوڵەکانی چڕبکاتەوە بۆ کۆنترۆڵکردنی سنوورەکانی. گوتیشی داعش ئەو سنوورانە بەکاردەهێنێت بۆ گەیاندنی پـشـتیوانی بۆ چەکدارەکانی لە بەرەکانی شەڕدا.

پاشان گوتی پـێی وانیـیە تورکیا پاشگەزبووبێتەوە، بەڵام بەشداریکردنەکەی دواکەوتووە، بە تایبەتی لە هێرشە ئاسمانیـیەکاندا.

کارتر باسی لەوەش کرد سەرۆک ئۆباما لە بەشێـکی وتووێژەکاندا لەگەڵ تورکیا بەشداری کردبوو تاوەکو بەشداری زیاتری ئەو وڵاتە لە دژی داعش بەدەسـتبهێنێت.

جێی ئاماژەیە تورکیا مانگی ڕابردوو ڕێگەی بە ئەمەریکا دا بنکەی ئاسمانی ئنچەرلیک بەکاربهێنێت بۆ لێدانی داعش و هەروەها بڕیاری دا شەڕی داعش بکات لە باکوری سوریا، بەڵام لە بری ئەوە هەڵمەتێـکی لەشکری لە دژی پارتی کرێکارانی کوردسـتان دەسـتپـێکرد.

XS
SM
MD
LG