Accessibility links

تورکیا دەڵێت فڕۆکەکانی چەند شوێنێـکی داعشیان لە سوریا بۆردومانکردووە


ئۆفیسی سەرۆک وەزیری تورکیا لە بەیانـنامەیەکدا ڕایگەیاند 3 فڕۆکەی جەنگی وڵاتەکەیان لە جۆری F-16S ڕۆژی هەینی لە فڕۆکەخانەی دیاربەکرەوە هەستاون و چەند شوێنێـکی داعشیان لە ناو سوریا بۆردومانکردووە لە نزیک شـاری سنووری کیلیسی تورکیا.

بەپـێی بەیانـنامەکە فڕۆکەکان 4 بۆمبیان گرتووەتە 2 بارەگا و خاڵێـکی کۆبوونەوەی داعش.

داوود ئۆغڵو سەرۆک وەزیری تورکیا ڕۆژی هەینی گوتی" ئەمڕۆ هێزە چەکدارەکانی تورکیا ڕێنمایـیەکانیان لە حکومەتەوە وەرگرتووە بۆ لێدانی ئەو شوێنانە کە زانیاری وردی 100% یان لەسەریان هەبووە و شوێنەکان بە تەواوی وێرانکراون."

پاشان گوتویەتی " پەیامەکەمان ڕوون و ئاشکرایە: دەسەڵاتی تەواوم بە هێزە چەکدارەکان داوە کە هەر کەسێـک ببێتە مایەی هەڕەشە بۆ سنوورەکانی کۆماری تورکیا، ئەوا وەکو پـێویست وەڵام دەدرێتەوە بەبێ هیچ ئاگادارکردنەوەیەک."

ئەمە یەکەم جارە تورکیا هێرشی ئاسمانی لە دژی داعش ئەنجام بدات.

جێی ئاماژەیە ڕۆژی پـێـنجشەممە چەکدارانی داعش لە دیوی سوریاوە لە ناوچەکانی نزیک ئعزازەوە تەقەیان لە هێزەکانی تورکیا کرد و سەربازێـکیان کوشت و لەشکری تورکیاش وەڵامی دابوونەوە و 3 ئۆتۆمبیلی تێـکشکاندبوون و چەکدارێکی داعشیشی کوشت.

XS
SM
MD
LG