Accessibility links

تورکیا دەڵێت هێزەکەی لە باکوری عێراق ناکێشێتەوە


تورکیا عێراقی ئاگادارکردووەتەوە کە هێزی زیاتر ڕەوانەی باکوری عێراق ناکات، بەڵام ئەو هێزەی پـێشـتر ڕەوانەی کردووە نایکێشێتەوە.

تانجوو بیاگیج گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ئەمڕۆ سێشەممە گوتی مەولود چاوشئۆغڵو وەزیری دەرەوە شەوی ڕابردوو بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ ئیبراهیم جەعفەری هاوتا عێراقیـیەکەی کردووە و پـێی گوتووە "تورکیا ڕێز لە یەکپارچەیی خاکی عێراق دەگرێت"، بەڵام ئەو هێزەی بۆ بنکەیەکی نزیک موسڵ ناردووە کردووە ناکێشێتەوە.

پاشان چاوشئۆغڵو بە جەعفەری گوتووە هاتنی لەشکری وڵاتەکەی بۆ نزیک موسڵ بە ئامانجی بەشداریکردنە لە شەڕی عێراق لە دژی داعش.

لە لایەکی دیکەوە ئەحمەد داوود ئۆغڵو سەرۆک وەزیری تورکیا ئەمڕۆ سێشەممە ڕایگەیاند خوازیارە لە زووترین کات سەردانی بەغدا بکات بە مەبەستی چارەسەرکردنی ناکۆکیـیەکانی نێوان بەغدا و ئەنکەرە سەبارەت بەو هێزەی وڵاتەکەی ڕەوانەی باکوری عێراقی کردووە بۆ مەشق و ڕاهێنان بە هێزە عێراقیـیەکان تاوەکو شەڕی داعش بکەن. ئۆغڵو ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد زیاتر لە 2 هەزار کەس لەو بنکەیەی هێزەکەی تورکیای لێ جێگیربووە، مەشق و ڕاهێنانیان پـێکراوە.

هەرچەندە تورکیا دەڵێت لەسەر داوای عێراق ئەم هێزەی ڕەوانەکردووە، بەڵام هەرچی کاربەدەسـتانی بەغدایە ئەو ئیدیعایە ڕەتدەکەنەوە و دەڵێن بە هیچ شێوەیەک داوایەکی لەو شێوەیەیان نەکردووە، دەشڵێن ئەگەربێت و تورکیا لە زووترین کات ئەو هێزەی نەکشێنێتەوە، ئەوا مەسەلەکە بۆ بەردەم نەتەوە یەکگرتووەکان ڕەوانە دەکەن.

XS
SM
MD
LG