Accessibility links

تورکیا دەڵێت بەشداری حەشدی شیعەکان لە شەڕی موسڵ ئاشتی لێ‌ناکەوێتەوە


وەزیری دەرەوەی تورکیا دەڵێت بەشداریکردنی چەکدارانی شیعە لە ڕزگارکردنی شاری موسڵ ئاشتی لێ‌ناکەوێتەوە، بەڵکو دەبێت ئەو هێزانە بەشداربن کە تورکیا مەشق‌ و ڕاهینانی پـێکردوون.

مەولود چاوش‌‌ئۆغڵو ئەمڕۆ هەینی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ هاوتا ئیسپانیـیەکەی لە ئەنکەرە ئەمەی ڕاگەیاند و گوتی بەشداریکردنی ملیشیا شیعەکان هیچ ئاشتی و ئارامی بۆ موسڵ ناهێنێت، بەڵکو بە پـێچەوانەوە کێشەکان زیاتر دەکەن.

گوتیشی ئەو هێزانەی لە سەربازگەی باشیک مەشقیان پـێکردوون لە دانیشتوانی موسڵن و بەشدرایپـێـکردنی ئەو هێزانە پـێویستە بۆ سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنەکە. باسی لەوەش کرد کە تورکیا ئامادەیە پشتیوانی لە هێرشەکە بکات.

لە لایەکی دیکە بن‌عەلی یەڵدرم سەرۆک وەزیری تورکیا ئەویش گوتی سەربازانی تورک کارێـکی زۆر بە سوود لە عێراقدا ئەنجام دەدەن و تورکیا هیچ هەڵوێستێـکی دوژمنکارانەی بەرامبەر عێراقدا نیـیە. جەختی لەوەش کرد سەربازانی تورک لە عێراق شەڕی داعش دەکەن.

پاشان ناڕەزایی خۆی لە بەرامبەر عێراق دەربڕی و گوتی لێدوانەکانی کاربەدەسـتان لە بەغدا لە بارەی سەربازگەی باشیک ئیستفزازی و مەترسیدارن.

XS
SM
MD
LG