Accessibility links

بەرلین لێکۆڵینەوە لەو زانیاریانە دەکات کە دەڵێن تورکیا سیخوڕی لە ناو ئەڵمانیا دەکات


داواکاری گشتی ئەڵمانیا ڕایگەیاند دەستیانکردووە بە لێکۆڵینەوە لەو زانیاریانەی باس لەوە دەکەن تورکیا سیخوڕی بەسەر ئەو کەسانە دەکات کە گومان دەکرێت لە ئەڵمانیا لایەنگری فەتحوڵڵا گولەن بن، ئەوەی ئەنکەرە تاوانباری دەکات بە هەوڵی کودەتاکەی مانگی حەوت.

فرەوک کۆیلەر خانمە گوتەبێژی ئۆفیسی داواکاری گشتی فیدراڵی ئەڵمانیا ئەمڕۆ سێشەممە گوتیشی سەرکەوتنی لێکۆڵینەوەکانیان دەوەستێتە سەر ئەو زانیاریانەی لە لایەن دەزگاکانی دژە سیخوڕی ئەڵمانیاوە بەدەستیان دەگات.

پـێشتر بۆریس پـیستۆریۆس وەزیری ناوخۆی هەرێمی سەکسۆنیای خواروو گوتی ئەم سیخوڕیەی تورکیا دەیکات پشوودرێژی هەڵناگرێت و جێی قبوڵ نیـیە. ئاشکراشی کرد ئەنکەرە داوای لە بەرلین کردبوو یارمەتی بدات لە سیخوڕیکردن بەسەر 300 کەس و ڕێکخراو کە بە لایەنگری گولەن دادەنرێن.

گوتیشی 10 بۆ 15 شوێن یان کەس لە هەرێمەکەیان ئاگاداردەکەنەوە، لە نێویاندا قوتابخانەیەک و دوو کۆمپانیا کە مەترسی سیخوڕییان لەسەرە و ڕەنگە ئەو کەسانە دووچاری زیندان بن ئەگەر بێت و بۆ تورکیا بگەڕێنەوە. جەختی لەوەش کرد هیچ بەڵگەیەک نییە ئاماژە بۆ ئەوە بکات ئەو کەسانە دەستیان لە هەوڵی کودەتاکەی مانگی حەوتی ساڵی ڕابردووی تورکیا هەبووبێت.

لە لایەکی دیکە ڕۆژنامەی "زود دویچە تسایتونغ" و هەردوو کەناڵی تەلەفیزیۆنی NDR و WDR ی ئەڵمانی ئەوانیش ڕاپـۆرتیان بڵاوکردووەتەوە و تیایدا باس لە سیخوڕی حکومەتی تورکیا لە ئەڵمانیا دەکەن. بەپـێی ڕاپـۆرتەکان دەزگای موخابەراتی تورکیا هاوینی ڕابردوو زانیاری لەسەر سەدان کەس لە ئەڵمانیا کۆکردووەتەوە، وەکو زانیاری کەسایەتی و ناونیشان و ژمارەی تەلەفون و ئیمەیڵ.

XS
SM
MD
LG