Accessibility links

تورکیا لەسەر ئەرمەنەکان بە توندی ئەڵمانیا ئاگاداردەکاتەوە


نوعمان کورتولموش
نوعمان کورتولموش

تورکیا بە توندی ئەڵمانیای ئاگادارکردووەوە لەوەی پەرلەمانی ئەڵمانی بە نیازە بڕیارێـک پەسەندبکات بۆ بە جینۆساید ناساندنی کوشتنی بە کۆمەڵی ئەرمەنەکان لە سەردەمی ئیمپـراتۆریـیەتی عوسمانیدا.

خانەی خوارووی پەرلەمانی ئەڵمانیا بە نیازە ڕۆژی پـێـنجشەممە دەنگ لەسەر بڕیارێـک بدات لە بارەی ئەو کۆمەڵ کوژیانەی لە سـاڵی 1915 وە دەسـتیانپـێکرد و بۆ زیاتر لە 2 سـاڵ درێژەیان کێشا.

نوعمان کورتولموش جێگری سەرۆک وەزیری تورکیا و هەروەها گوتەبێژی حکومەت ئەمڕۆ دووشەممە گوتی"ئەڵمانیا دۆست و هاوپەیمانمانە و خەڵـکێـکی زۆری بە ڕەچەڵەک تورکی هەیە، بۆیە دەبێت ئەڵمانیا زۆر بە ئاگاهیـیەوە گرنگی بە پەیوەندیـیەکانی لەگەڵ تورکیا بدات."

گوتیشی " بڕوا ناکەم پەرلەمانی ئەڵمانیا پەیوەندیـیەکانمان تێـکبدەن لەبەر خاتری دوو سێ سیاسەتمەدار کە پـرۆژە بڕیارەکەیان خستووەتە بەردەم خانەی خوارووی پەرلەمانەوە."

جێی ئاماژەیە هێنانە ئارای ئەم پـرۆژە بڕیارە لە کاتێـکدایە کە پەیوەندیـیەکانی نێوان بەرلین و ئەنکەرە بە کاتێـکی زۆر هەستیار تێپەڕدەبن.

کاربەدەسـتانی تورکیا تۆڕەن کە هێشتا یەکێتی ئەوروپا ئامادە نیـیە داوای ڤیزا لەسەر هاوڵاتیانی لابەرێت، وە ئەڵمانیاش نیگەرانە لە بەرامبەر خراپـبوونی ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ لە تورکیا.

XS
SM
MD
LG