Accessibility links

تورکیا دەڵێت بڕیارەکەی پەرلەمانی ئەوروپا هیچ بەهایەکی نیـیە

  • VOA News

وەزیری کاروباری یەکێتی ئەوروپا لە حکومەتی تورکیا دەڵێت ئەو بڕیارەی ئەمڕۆ پـێنجشەممە پەرلەمانی ئەوروپا پەسەندی کرد بۆ داوای ڕاگرتنی دانوسـتاندنەکان لە بارەی خواستی تورکیا بۆ ئەندامێتی لە یەکێتی ئەوروپا، هیچ بەهایەکی نیـیە.

عومەر چەلیک لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە ئەدەنە ئەمەی ڕاگەیاند و گوتی یەکێتی ئەوروپا بەم بڕیارەی هەوڵی دا پەیامێـک بگەیەنێت کە هیچ بەهایەکی نیـیە و شایەنی ئەوە نیـیە گرنگی پێ بدرێت.

گوتیشی ئەوروپا سیاسەتێـکی دووفاقی لە شەڕی دژی تێرۆر پـیادە دەکات و ئەوەتا ڕێگەی بە پەکەکە داوە لە نێو بارەگای پەرلەمانی ئەوروپا لە برۆکسل پـێشەنگای وێنە بۆ عەبدوڵڵا ئوجەلان ڕێبەری دەسـتگیرکراوی پەکەکە بکەنەوە.

پاشان پـرسیاری کرد، گوتی یەکێتی ئەوروپا بۆ دەنگی نەبوو کاتێـک لە مانگی حەوت بە تانک و فڕۆکە هەوڵی کودەتاکە درا.

جێی ئاماژەیە پەرلەمانی ئەوروپا ئەمڕۆ بە دەنگی 479 بەرامبەر 37 و بێ دەنگی 107 پەرلەمانتار بڕیارێـکی پەسەندکرد بۆ ڕاگرتنی دانوسـتاندنەکان سەبارەت بە خواستی تورکیا بۆ ئەندامبوون لە نێو یەکێتی ئەوروپا، ئەمەش وەکو ناڕەزایـیەک بەرامبەر پـێشـێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و ئەو هەڵمەتی دەرکردن و دەسـتگیرکردنانەی دەسەڵاتدارانی تورکیا دەسـتیان داوەتێ لە پاش هەوڵی کودەتاکەی مانگی حەوت.

XS
SM
MD
LG