Accessibility links

سەرۆکی تورکیا دەڵێت ڕەنگە ڕاپـرسیـیەک سازبکەن بۆ کۆتایی‌هێنان بە هەوڵی ئەندامبوون لە یەکێتی ئەوروپا

  • VOA News

سەرۆکی تورکیا وەڵامی ڕەخنەکانی یەکێتی ئەوروپا دەداتەوە و دەڵێت ئەگەربێت و هەتا کۆتایی ساڵ، وڵاتەکەی بە ئەندام قبوڵ نەکەن، ئەوا ڕەنگە ڕاپـرسیـیەکی گشتی ئەنجام بدەن تاوەکو بزانن لەم هەوڵیان بەردەوامبن یان نا.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ئەمڕۆ دووشەممە لە وتارێـکیدا لە کۆبوونەوەیەک لە ئەنکەرە ڕووی دەمی کردە ئەوروپایـیەکان و گوتی" دواکەوتوون و هەتا زووە بڕیاری خۆتان بدەن، ئەوەتا سەرۆک وەزیر و وەزیرەکان لێرەن و منیش وەکو سەرۆک کۆمار دەڵێم با هەتا کۆتایی ئەمساڵ بوەستین، دوای ئەوە پـرسیار لە خەڵک دەکەین."

هەروەها گوتی " ڕۆژئاوا دەڵێت نابێت سزای لەسێدارەدان جێبەجێ بکەن، منیش لێرەوە پـێتان دەڵێم چارەنووسی ئەم گەلە بە دەست ئێوەوە نیـیە، بەڵکو بە دەستی ئێمەیە."

گوتیشی چیتر تورکیا چاوپـۆشی لە پەکەکە و هیچ ڕێـکخراوێـکی تێرۆرستی ناکات، بەڵکو بە ئەوپەڕی توانایەوە شەڕیان دەکات.

هاوکات فێدریکا مۆغێرنی بەرپـرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا هەر ئەمڕۆ لە برۆکسل نیگەرانی خۆی دەربڕی لە بەرامبەر ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ لە تورکیا.

لە لایەکی دیکە سیباستیان کورتس وەزیری دەرەوەی نەمسا گوتی لەگەڵ ئەوەدا نیـیە دانوسـتاندنەکانی تایبەت بە هەوڵی ئەندامبوونی تورکیا بەردەوامبن، چونکە تورکیا بەم حاڵەی ئێستای لە یەکێتی ئەوروپا شوێنی نابێتەوە. هەروەها لۆکسمبورگ و بەلجیکاش ڕەخنەیان لە تورکیا گرت، بەڵام فەڕەنسا و ئەڵمانیا لەگەڵ ئەوەدان بەردەوامبن لەگەڵ تورکیا، دەڵێن کۆتایی هێنانی دانوستاندنەکان زیانی لە قازانجی زیاترە.

زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا مەترسیـیان هەیە لەوەی تورکیا سنوورەکانی بەرەو ئەوروپا لە بەردەم کۆچبەر و پەنابەران واڵابکات.

XS
SM
MD
LG