Accessibility links

سەرۆکی حکومەتی نەمسا: تورکیا بەرەو دیکتاتۆریەت دەڕوات

  • VOA News

ڕاوێژکاری نەمسا کە سەرۆکی حکومەتە ئاگاهی دا کەوا تورکیا بەرەو دیکتاتۆریەت دەڕوات و هیچ مانایەکی تیادا نیـیە وتووێژ و دانوستاندنی لەگەڵدا بەردەوامبێت بۆ بەدەسـتهێنانی ئەندامێتی لە یەکێتی ئەوروپا.

کرستیان کرن شەوی چوارشەممە لە بەرنامەیەکی تەلەفیزیۆنیدا گوتی ڕەنگە کاتی ئەوە هاتبێت پـیاداچوونەوە بکرێت بە وتووێژەکانی تایبەت بە هەوڵی تورکیا بۆ ئەندامبوون لە یەکێتی ئەوروپا، بۆیە خوازیارە لە کۆبوونەوەی 16 ی مانگی نۆی ئەنجومەنی ئەوروپا بە ڕژدی لەم بارەیەوە وتووێژبکرێت.

هەروەها گوتی دەبێت تێڕوانینێـکی واقعیانەمان هەبێت و بە چاوێـکی دیکە لێی بڕوانین کە لەسەر بنەمای پـێویستی ئابوری بێت لە نێوان ئەنکەرە و ئەوروپا.

پاشان ڕەخنەی لە دەسەڵاتدارانی تورکیا گرت و گوتی ئاماژەکان ڕوونن کە تورکیا لە ژێر سایەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بەرەو دیکتاتۆریەت دەڕوات و ئاستی دیموکراسی لەو وڵاتە دورە لەوەی شایەنی ئەوە بێت ببێتە ئەندامێـکی یەکێتی ئەوروپا.

لە درێژەی وتووێژەکەیدا باسی لەوەش کرد ئابوری تورکیا لەو ئاستەدانیـیە نزیک بێت لە ئابوری وڵاتانی ئەوروپا، بۆیە لەو ڕووەشەوە ناکرێت ببێتە ئەندام.

بەڵام لە هەمان کاتیشدا گوتی تورکیا هاوبەشێـکی گرنگی ئەوروپایە.

تورکیا لە زاری وەزیری کاروباری یەکێتی ئەوروپا ڕەخنەی توندی لەم لێدوانانەی سەرۆکی حکومەتی نەمسا گرت.

عومەر چلیک ئەمڕۆ پـێنجشەممە گوتی ئەم لێدوانانەی ڕاوێژکاری نەمسا نزیکن لە وتاری ڕاستڕەوە توندڕەوەکان. گوتیشی مافێـکی دیموکراسیانەیە ڕەخنە بگریت، بەڵام جیاوازی هەیە لە نێوان ئەوەی ڕەخنە لە تورکیا بگریت یان لە دژی تورکیا بوەستیت.

XS
SM
MD
LG