Accessibility links

جارێـکی دیکە سەرۆکی جەهەپە ئەردۆغان بە دیکتاتۆر ناودێردەکاتەوە


ڕێبەری پارتی سەرەکی ئۆپـۆزسیۆنی تورکیا جارێـکی دیکە سەرۆکی وڵاتەکەی بە دیکتاتۆر ناودێرکرد، ئەمەش سەرەڕای ئەو سکاڵایەی لەسەری تۆماکراوە بەهۆی لێدوانێـکی هاوشێوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا.

کەمال کلیچدارئۆغڵو ڕۆژی سێشەممە لە وتارێـکیدا لە بەردەم پەرلەمانتارانی سەر بە پارتەکەی (جەهەپە) گوتی " پـێشتر بە دیکتاتۆر ناودێرمکردبوو کاری تێنەکرد، بەڵام ئەم جارە کە گوتم دکتاتۆری بێ نرخ توڕە بوو، دیارە بە دیکتاتۆری بێ نرخ بێزاربووە نەک بە دیکتاتۆر."

پاشان ڕووی دەمی کردە ئەردۆغان و گوتی" یان ئەوەتا بێ لایەنانە مامەڵە دەکەیت، یان ئەو سوێندەی خواردووتە فڕی دەدەیتە سەبەتەی خۆڵەوە، یانیش تۆزێـک بیربکەیتەوە لە مانای پەیمان‌دان."

جێی وەبیرهێنانەوەیە کەمال کلیچدار ئۆغڵو شەممەی ڕابردوو لە کۆنگرەی پارتی جەهەپە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی تاوانبارکرد بەوەی فەرمانی دەسـتگیرکردنی ئەو کەسە ئەکادیمیایانەی داوە کە یاداشتنامەیەکیان مۆرکردبوو بۆ ڕاگرتنی شەڕ لە ناوچە کوردیـیەکان.

کلیچدار ئۆغڵو گوتی " کەسانی ئەکادیمی یەک لە دوای یەک بە دەسـتی دیکتاتۆرێـکی بێ نرخ زیندانی کران."

پاشان ڕووی دەمی کردە ئەردۆغان و گوتی " چۆن ئەوێریت پـۆلیس بنێریتە سەر ماڵی ئەو کەسانە و دەسـتگیریان بکەن؟ هەی دیکتاتۆری بێ نرخ ئەتوانیت پـێمان بڵێیت مانای سەربەرزی و کەرامەت لە تۆ چـین؟"

ئەم لێدوانە بووە مایەی توڕەبوونی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و ئەندامانی پارتەکەی، بۆیە بە فەرمی سکاڵایان لەسەر تۆمارکرد.

لە ڕۆژی دووشەممەوە لە دادگایەکی ئەنکەرە هەنگاو نراوە بە ئاڕاستەی دادگایی‌کردنی کیلچدار بە تاوانی سووکایەتی بە سەرۆکی وڵات. ئەگەربێت و تۆمەتەکەی بەسەردا سـاغ ببێتەوە، ئەوا ڕەنگە هەتا 4 سـاڵ زیندانی بکرێت.

XS
SM
MD
LG