Accessibility links

کاربەدەسـتێـکی تورکیا: ئەردۆغان خوازیارە لەشکر و میت بخاتە ژێر فەرمانی سەرۆکایەتی


بەپـێی ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرز ئەمڕۆ پـێنجشەممە کاربەدەستێـکی تورک گوتویەتی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا خوازیارە هێزە چەکدارەکان و دەزگای زانیاری وڵاتەکە کە بە میت ناسراوە بخاتە ژێر فەرمانی سەرۆکایەتیـەوە.

کەناڵەکانی تەلەفیزیۆنی تورکیا دەڵێن ئەردۆغان گوتویەتی گۆڕانکاریـیەکی لەم جۆرە پـێویستی بە هەموارکردنی دەسـتور و ڕەزامەندی ئۆپـۆزسیۆنە.

ئەم هەواڵە لە کاتێـکدایە ئەنجومەنی لەشکری بە سەرۆکایەتی بن عەلی یەڵدرم سەرۆک وەزیر ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە ئۆفیسی سەرۆک وەزیران لە ئەنکەرە کۆبوونەوە بۆ تاووتوێکردنی وردەکاریـیەکانی پەیوەست بە کودەتا شکستخواردووەکە و هەروەها خانەنشینکردنی ئەو ئەفسەرانەی کەمتەرخەم بوون.

جێی ئاماژەیە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی لەشکری پـێشتر هەر لە بارەگای ئەرکانی لەشکر بەڕێوەچووە.

بەر لە کۆبوونەوەکەش دوو جەنەڕاڵی باڵای لەشکر دەسـت لەکارکێشانەوەی خۆیان ڕاگەیاند.

هەریەک لە جەنەڕاڵ ئیحسان ئاویار فەرماندەی هێزی پـیادە و جەنەڕاڵ کەمیل باش ئۆغڵو ئەم بڕیارەیان دا پاش ئەوەی 149 جەنەڕاڵ و ئەدمێراڵ لە پـۆستەکانیان لادران بە تاوانی چاوپـۆشیکردن لە هەوڵی کودەتاکە، لەوانە 87 جەنەڕاڵیان فەرماندەی هێزی پـیادە و 30 جەنەڕاڵ لە هێزی ئاسمانی و 32 ئەدمیراڵ لە هێزی دەریایی. هەروەها 1099 ئەفسەری دیکەش لادران و 178 جەنەڕاڵیش دەسـتگیرکراون.

بەپـێی میدیاکانی حکومەتی تورکیا تەنیا نزیکەی 8600 ئەفسەر و سەرباز بەشداریـیان لە هەوڵی کودەتاکە کردبوو، ئەمەش ژمارەیەکی کەمە بەراورد بەو 402 هەزار ئەفسەر و سەربازە کە لەشکری تورکیا هەیەتی.

XS
SM
MD
LG