Accessibility links

هاککەران هێرشێـکی گەورە دەکەنە سەر ماڵپەڕەکانی دەوڵەتی تورکیا


خزمەتگوزاریـیەکانی ئنتەرنێت لە تورکیا کەوتوونەتە بەر هێرشێـکی گەورەی هاککەران و لە ئاکامدا کارە بانکیـیەکان لەو وڵاتە خاوبوونەتەوە و هەروەها وەهای لە کاربەدەسـتان کردووە مەترسیـیان هەبێت مەبەستی سیاسی دەرەکی لە پشت ئەم کارەوەبێت.

ڕێکخراوی ناحکومی Nic.tr کە سەرپەرشتی ڕێکخستنی ناوی ئەو ماڵپەڕانە دەکات کە بە دۆمەینی tr کۆتایـیان پێ‌دێت، پـێنجشەممە گوتی ئەم هێرشانە لە دەرەوەی تورکیاوە ڕێکخراون.

ئەم دۆمەینە لە لایەن وەزارەت و کۆمپانیا و بانکەکانی تورکیاوە بەکاردەهێنرێن.

بینالی یڵدرم وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی تورکیا هێرشەکەی بە جیدی ناودێرکرد و داوای لە زانکۆیەکی ئەنکەرە کرد ڕێوشوێنە ئاسایشیـیەکانی ئنتەرنێت بەهێزتر بکەن. دەڵێت ئەوەی ئێسـتا هەیە بەس نیـیە.

هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە شارەزایان نەیانتوانیوە سەرچاوەی هێرشەکە دەسـتنیشان بکەن. بەڵام هەندێک لە ڕۆژنامەکانی تورکیا دەڵێن ڕەنگە لە ڕووسیاوە بێت، هۆکارەکەی دەگێڕنەوە بۆ گرژیـیەکانی نێوان مۆسکۆ و ئەنکەرە لە پاش خستنی فڕۆکە ڕووسیایـیەکە لە نزیک سنووری سوریا لە مانگی ڕابردوودا.

بەپـێی میدیاکان، گروپی هاککەرانی ناسراو بە Anonymous پەیامێـکیان بڵاوکردووەتەوە و تیایدا نووسیویانە هەتا تورکیا بەردەوام بێت لە پـشـتیوانیکردنی داعش بە کڕینی نەوتەکەی و چارەسەرکردنی چەکدارە بریندارەکانی، ئەوا لە هێرشەکانیان بۆ سەر دامودەزگاکانی تورکیا بەردەوام دەبن.

XS
SM
MD
LG