ڕێکخراوی نێودەوڵەتی Amnesty International تورکیای شەرمەزارکرد لەسەر دەسـتگیرکردنی ژمارەیەک لە ڕۆژنامەوانانی ڕۆژنامەی جمهوریەتی سەر بە پارتی سەرەکی ئۆپـۆزسیۆنی وڵاتەکە.
جۆن دالهاوزن بەرپـرسی بەشی ئەوروپای ڕێـکخراوەکە ئەمڕۆ دووشەممە ناڕەزایی خۆی دەربڕی و گوتی ئەمە هەوڵێـکی بە بەرنامەیە بۆ دەمکوتکردنی هەموو دەنگە ڕەخنەگرەکان و هەروەها بەکارهێنانێـکی خراپی یاسای باری نائاسایییە. داواشی لە دەسەڵاتدارانی تورکیا کرد ڕۆژنامەوانان ئازادبکات.
لە لایەکی دیکە کەمال کلیچدارئۆغڵو ڕێبەری پارتی جمهوریەت سەردانی بارەگای ڕۆژنامەکەی کرد و گوتی لە بری بە ئاڕاستەی بەهێزکردنی دیموکراسی هەنگاوبنێین ئەوەتا ڕووبەڕووی دژە کودەتاکە دەبینەوە.
هاوکات ژمارەیەک لە ڕۆژنامەوانان و پارێزەران لە بەردەم بارەگای ڕۆژنامەکە لە ئستەنبوڵ گردبوونەوە بۆ دەربڕینی ناڕەزایی.
بەیانی دووشەممە دەسەڵاتدارانی تورکیا فەرمانی دەسـتگیرکردنیان بۆ 16 کارمەندی ئەم ڕۆژنامەیە دەرکرد بە تاوانی ئاشکراکردنی زانیاری دەوڵەت و یارەمەتیدانی گروپی فەتحوڵڵا گولەن و پارتی کرێکارانی کوردسـتان بە ڕێگەی میدیاوە.
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە بەیانـنامەی دەسـتگیرکردنەکەیان کە لە لایەن داواکاری گشـتی ئستەنبوڵەوە دەرچووە، باس لەوەش کراوە ئەم ڕۆژنامەوانانە ئەندامی هیچ کام لە گروپی گولەن و پەکەکە نیـین.
لە نێو دەسـتگیرکراوەکان موراد سابونجو سەرنووسەری ڕۆژنامەکە هەیە لەگەڵ موسا کارت وێنەکێشی کاریکاتێر و پارێزەری ڕۆژنامەکە و ژمارەیەک نووسەر، لەوانە ئەیدن ئنجن کە تەمەنی 72 سـاڵە.
پاش هەوڵی کودەتاکەی مانگی حەوت دەسەڵاتدارانی تورکیا بە شێوەیەکی بێ پـێشینە کەوتوونەتە دەسـتگیرکردن و دەرکردنی خەڵکی بە تاوانی پەیوەندی بە گولەنەوە.