Accessibility links

وەزیری دەرەوەی تورکیا : تورکیا لەوانەیە ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ یەکێتی ئەوروپادا سەبارەت بە کۆچبەران هەڵبوەشێنێتەوە


مەولود چاوش ئۆغڵو وەزیری دەرەوەی تورکیا لە چاوپێكکەوتنێکی تەلەڤیزیۆنیدا وتی تورکیا لەوانەیە ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ یەکێتی ئەوروپادا سەبارەت بە کۆچبەران هەڵبوەشێنێتەوە.

مەولود چاوش ئۆغڵو لەکاتێکدا ئەم قسانە دەکات کە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و یەکێتی ئەوروپا گرژی تێکەوتووە دوای ئەوەی هەندێک لە وڵاتە ئەوروپیەکان ڕێگەیان نەدا کۆبوونەوەی جەماوەری تورکی لە وڵاتەکەیاندا سازبکرێت بەمەبەستی دەنگدان بە ئەرێ لە ڕیفراندۆمەکەی مانگی داهاتووی تورکیا بۆ پێدانی دەسەڵاتی زیاتر بە ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا.

تورکیا لە ڕێککەوتنامەکەدا ڕازیبووە ئەو کۆچبەرانە بگێڕێتەوە کە بەشێوەیەکی نایاسایی گەشتیان کردووە بۆ ئەوروپا لەبەرامبەردا بەڵێنێک دراوە بە تورکیا کە تورکەکان بتوانن بەبێ ڤیزا گەشت بکەن بۆ وڵاتە ئەوروپییەکان. هەروەها لە ساڵی ڕابردوودا تورکیا ڕازیبوو لەسەر ئەوەی ڕێگە نەدات کۆچبەرەکان بەشێوەیەکی نایاسایی بپەڕنەوە بۆ یۆنان.

چاوش ئۆغڵو بە کەناڵ 24 ی وت " لەوانەیە ڕێککەوتنامەی وەرگرتنەوەی کۆچبەران هەڵبوەشێنینەوە. یەکێتی ئەوروپا کاتمان بەفیڕۆ دەدات سەبارەت بە بابەتی دەرکردنی ڤیزا. ئێمە لە ئێستادا ناتوانین ڕێککەوتنەکە جێبەجێ بکەین. "

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG