Accessibility links

لە ئاکامی هێرشی چەکدارانی توندڕەوی ئیسلامی لە تونس 30 کەس دەکوژرێن


چەکدارانی توندڕەوی ئیسلامی لە تونس هێرشیان کردووەتە سەر بنکە و بارەگای لەشکر و پـۆلیس لە شاری بن قوردانی نزیک سنووری لیبیا و لە ئاکامدا بە لایەنی کەم 30 کەس کوژراون.

وەزارەتی ناوخۆی تونس ئەمڕۆ دووشەممە لە بەیانـنامەیەکدا گوتی 21 چەکداری توندڕەو کوژراون و 7 کەسی سیڤیل و سەربازێـک و پـۆلیسێـک گیانیان لەدەسـتداوە. شەش چەکداریش دەستگیرکراون.

پاشان وەزارەتەکە بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆی لە شارەکە دا کە لە حەوتی شەو بە کاتی خۆجێی هەتا 5 ی بەیانی بەردەوامبێت. داواشی لە خەڵکی شارەکە کرد لە ماڵەکانیان بمێنـنەوە.

هەروەها دەسەڵاتدارانی تونس هەردوو دەروازەی سنووری ڕەئس جدیر و ئەلزەهەبیـیە وڵاتەکەیان لەگەڵ لیبیا داخست. لەگەڵ ئەوەش دەروازەکانی دورگەی جربەی گەشتیاری داخران کە نزیکەی 100 کیلۆمەتر لە شاری بن قوردانەوە دورە.

دانیشتوویەکی شارەکە بە ناوی حسێن بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرزی گوت چەکدارانی بینیوە کە کلاشینکۆڤیان پـێبووە و گوتویانە ئەوان داعشن و دەیانەوێت " تۆڵە لە تاغوت بکەنەوە."

XS
SM
MD
LG