Accessibility links

کۆنە داعشێـک پاش ئەوەی سەری باوکی خوارد ئازاد دەکرێت

  • VOA News

گەنجێـکی تونسی کە چەکدارانی داعش فریویان دابوو و پەیوەندی پـێوەکردبوون لە سوریا و عێراق، سەری باوکی خوارد لەو هێرشە تێرۆرستیـیەی کرایە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ئەتاتورک لە ئەستەنبوڵ.

"ئەنوەر فەتحی بیـیەوز" تەمەن 26 ساڵ کە هێشتا ئاشکرا نەکراوە ماوەی چەند لای داعش ماوەتەوە، وەکو دایکی دەیگێڕێتەوە پاش ماوەیەک بۆی دەرکەوتبوو ئەم گروپە تێرۆرستیـیە تەنیا کۆمەڵێـک دڕەندەن و کاریان کوشتن و بڕینە، بۆیە پەشیمان بووەتەوە لەوەی پەیوەندی پـێوەکردبوون. باوکیشی کە پـزیشکێـکی لەشکری بوو بە پەلەی عەمید ئامۆژگاری کردبوو هەوڵ بدات هەرچی چۆنێـک بێت لە دەستی داعش هەڵبێت و بەرەو تورکیا بگەڕێتەوە تاوەکو ئەو لەوێ کاری بۆ بکات و بیگەڕێنێتەوە بۆ تونس.

ئەنوەر لە عێراق دەڕوات بەرەو سوریا و لەوێوە خۆی گەیاندووەتە سنووری تورکیا و دواتر خۆی ڕادەسـتی هێزەکانی تورکیا کردبوو.

باوکی کوڕە (عەمیدی پـزیشک فەتحی بیـیەوز) ماوەی دوو مانگ هەر لە هاتوچۆدا بوو لە نێوان تونس و تورکیا تاوەکو دەسەڵاتدارانی تورکیا قایل بکات کوڕە تاقانەکەی ئازادبکەن و بیباتەوە بەرەو وڵاتی خۆی.

ڕۆژی دووشەممە، واتە ڕۆژێـک بەر لە هێرشی سەر فڕۆکەخانەکە، باوکی ئەنوەر تەلەفونی بۆ هاوسەرەکەی کردبوو و پـێی گوتبوو بە پەلە بگاتە تورکیا تاوەکو چاوی بە کوڕەکەی بکەوێت.

باوکەکەش شەوی سێشەممە لەو دەمەی دەگاتە فڕۆکەخانەی ئەتاتورک بۆ پـێشوازیکردن لە هاوسەرەکەی، تێرۆرستەکان هێرشەکەیان ئەنجام دەدەن و باوکی ئەنوەر دەبێتە یەکێـک لە قوربانیـیەکان.

دایکی ئەنوەر لە بری شادبوونەوەی بە کوڕەکەی تەرمی باوکی ئەنوەری بۆ تونس بردەوە.

ئەمڕۆ هەینی کاربەدەسـتانی تونس ڕایگەیاند تورکیا بڕیاری داوە ئەنوەر ئازادبکات و بەرەو تونسی بگەڕێنێتەوە.

فەیسەڵ بن مستەفا بەڕێوەبەری گشتی کاروباری کونسوڵخانەکان لە وەزارەتی دەرەوەی تونس بۆ میدیاکانی ڕاگەیاند ئەگەر ئەمڕۆ هەینی ئەنوەر نەگەڕێتەوە، ئەوا لە چەند ڕۆژی داهاتوو دەبێت.

جێی ئاماژەیە دایکی ئەنوەر دەڵێت کوڕەکەی کەسێـکی توندڕەو نەبووە و تەنانەت نوێژیشی بە تەواوی نەکردووە. پـێدەچێت بەو ڤیدیۆیانەی داعش بڵاوی دەکاتەوە کە تیایاندا تێرۆرستان بە پاڵەوان نیشان دەدەن، بەمەش کوڕەکەیان هەڵفریواندووە.

XS
SM
MD
LG