حکومه‌تی تونس بڕیاری دا باڵیۆزی سوریا ده‌ربکات و ده‌ڵێت چیدی حکومه‌تی سه‌رۆک به‌شـار ئه‌لئه‌سه‌د شه‌رعیـیه‌تی نه‌ماوه.
ئه‌مڕۆ شه‌ممه سه‌رۆکی تونس مونسف ئه‌لمه‌رزوقی گوتی وڵاته‌که‌ی ئه‌م بڕیاره‌ی داوه بۆ ده‌ربڕینی ناڕه‌زایی به‌رامبه‌ر زیادبوونی توندوتیژی حکومه‌تی سوریا له به‌رامبه‌ر خه‌ڵـکی سیڤیلی خۆی.
ئه‌لمه‌رزوقی ده‌ڵێت تونس هاوسۆزی ته‌واوی خۆی له‌گه‌ڵ گه‌لی سوریا ده‌رده‌بڕێت، وه پـێـیوایه ڕێگه‌چاره بۆ ئه‌و قه‌یرانه، وازهێنانی به‌شـار ئه‌لئه‌سه‌ده له ده‌سه‌ڵات و پاشـان بوار بدرێت به شێوه‌یه‌کی دیموکراسـیانه ده‌سه‌ڵات بۆ حکومه‌تێـک بگوێزرێته‌وه که بتوانێت داخوازیـیه‌کانی گه‌له‌که‌ی به‌دی بهێنێت.
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی تونس ڕه‌فیق عه‌بدول ئه‌لسلام بۆ ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندنی ئاشـکرا کرد که‌وا وه‌زاره‌ته‌که‌ی به زووترین کات بڕیاره‌که جێبه‌جێ ده‌کات و هه‌روه‌ها باڵیۆزی خۆشی له سوریا بانگهێشت ده‌کات.
ئه‌مه له کاتێـکدا دێت که سه‌رۆکی په‌رله‌مانی عه‌ره‌ب عه‌لی سـالم ئه‌لدقباسی داوای له وڵاتانی عه‌ره‌ب کرد باڵیۆزه‌کانی سوریا له وڵاته‌کانیاندا ده‌ربکه‌ن و هه‌موو په‌یوه‌ندیـیه دیپـلۆماسیـیه‌کانیشی له‌گه‌ڵدا بـبچڕێنن هه‌تا ئه‌و ده‌مه‌ی حکومه‌تی سوریا مل بۆ داواکانی گه‌له‌که‌ی که‌چ ده‌کات.