Accessibility links

تونس چەند پـلانێـکی تێرۆرستی گەورە لە وڵاتەکەی پـوچەڵ دەکاتەوە

  • VOA News

کاربەدەسـتێـکی تونس دەڵێت هێزەکانی ئاسایشی وڵاتەکەی پـلانی چەند هێرشێـکی تێرۆرستی گەورەیان پـوچەڵکردووەتەوە و ئەو گروپەیان دەسـتگیرکردووە کە بە نیازبووە ئەنجامیان بدات.

ڕەفیق ئەلشللی کاربەدەسـت بە پـلەی خوار وەزیر بۆ کاروباری ئاسایشی لە حکومەتی تونس ڕۆژی سێشەممە بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرزی گوت ژمارەی ئەندامانی گروپەکە 17 کەس بوون کە زۆربەیان لە لیبیا و سوریا مەشق و ڕاهێنانیان پـێـکراوە و بەنیازبوون لەم مانگە هێرشی تێرۆرستی بکەنە سەر هێزەکانی ئاسایشی و شوێنی گەشت‌وگوزاری سوسە و کەسایەتی سیاسی تێرۆربکەن، ئەمەش تاوەکو وڵات نائارام بکەن.

پاشان گوتی ئەندامانی گروپەکە خۆیان ئامادەکردبوو و چاوەڕێی فەرمان بوون بۆ جێبەجێکردنی هێرشەکانیان بەرە لەوەی هێزەکانی ئاسایش دەسـتگیریان بکەن. باسی لەوەش کرد ژمارەیەک کڵاشینکۆف و تەقەمەنی و هێلەکی بۆمبڕێژکراویان پـێ‌گرتوون.

ئەلشللی گوتیشی بە دوری نازانن وەها نەخشەیان بۆ دانابێت کە هاوکات لەگەڵ هێرشەکانی پاریس ئەم پـلانەیان جێبەجێ بکەن.

پاشان مەترسی وڵاتەکەی دەربڕی لە بەرامبەر بڵاوبوونەوەی چەک و تەقەمەنی و بنکەی مەشق و ڕاهێنان لە لیبیا و گوتی ئەمە جێی هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی وڵاتەکەی لە کاتێـکدا بە سەدان هاوڵاتی تونس لە نێو ئەو ڕێکخراوە تێرۆرستیانەی لیبیادان.

جێی ئاماژەیە لە ئێسـتادا لە لیبیا سێ گروپی توندڕەوی سەرەکی هەن، ئەوانیش گروپی ناسراو بە جەماعە ئەنسار ئەلشەریعە و لیوای عەقەبە بن نافعی سەر بە قاعیدە و ئەوانیش کۆمەڵێـکیان لێ جیابووەتەوە و بوون بە داعش.

XS
SM
MD
LG