Accessibility links

دۆناڵد ترەمپ یەکەم کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی خۆی لە پاش سەرکەوتنی سازدەکات

  • VOA News

دۆناڵد ترەمپ جارێـکی دیکە جەختی کردەوە ئەو ڕاپـۆرتە هەواڵیانەی بڵاوکراونەتەوە کە دەڵێن ڕووسیا زانیاری خراپی لەسەری ژیانی تایبەتی و کارە دارایـیەکانی هەیە، ڕاست نین.

سەرۆکی داهاتووی ئەمەریکا ئەمڕۆ چوارشەممە لە تاوەرەکەی خۆی لە مانهاتنی نیویۆرک، یەکەم کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی لە پاش سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکاندا بۆ سازکرا، بە ئامادەبوونی نزیکەی 250 ڕۆژنامەوان.

ترەمپ گوتی ئەوەی لە بەرامبەری کراوە لە بڵاوکردنەوەی ڕاپـۆرتی گوایە زانیاری خراپی لای ڕووسیا هەیە، کارێـکی ناشرینە و ڕەنگە دەزگا زانیاری و هەواڵگریـیەکانی وڵاتەکە لە پشـت بڵاوکردنەوەی ئەم ڕاپـۆرتانە بن.

هەروەها ڕەتیکردەوە هیچ پەیوەندیەکی کارداری لەگەڵ ڕووسیادا هەبێت و گوتی نە قەرز و نە سەودای لەگەڵ ئەو وڵاتە هەیە. گوتیشی دەتوانێت بە ئاسانی کارداری لە ڕووسیادا هەبێت، بەڵام نایەوێت تاوەکو بەرژەوەندیـیەکانی وەک سەرۆک لە لایەک و وەک کاردار لە لایەکی دیکە دژ بە یەک نەبنەوە.

سەبارەت بە پەیوەندی لەگەڵ ڤلادیمیر پـوتن گوتی ئەگەر پـوتن ئەوی بەدڵبێت، ئەوا شتێـکی باشە، چونکە ئەوە یارمەتی هەردوو وڵات دەدات تاوەکو لە چەندان بواردا هاوکاری بکەن، لەوانە شەڕی دژە تێرۆر. گوتیشی ڕووسیا زیاتر ڕێزی ئەمەریکا دەگرێت کاتێـک ئەو دەبێتە سەرۆک.

پاشان ئۆباڵی سەرهەڵدانی داعشی خستە ئەستۆی بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک ئۆباما و گوتی بۆیە داعش دروستبوو، چونکە لە کاتێـکی خراپدا ئەم بەڕێوەبەرایەتیـیە عێراقی جێهێشت، ئەمەش وایکرد بۆشایـیەک دروستبێت و داعش سەرهەڵبدات.

لە بەشێـکی قسەکانی باسی لە مەسەلەی هاککردنی کۆمپـیوتەری دیموکراتەکان کرد و گوتی بەپـێی لێـکۆڵینەوەکانی دەزگاکانی زانیاری و هەواڵگری ئەمەریکا پـێدەچێت ڕووسیا لێی بەرپـرسیاربێت، بەڵام گوتیشی ڕەنگە وڵاتی چین لەگەڵ وڵاتانی دیکەش بەرپـرسیاربن. پاشان ئۆباڵی هاککردنەکەی خستە ئەستۆی دیموکراتەکان خۆیان و گوتی وەکو پـێویست کۆمپـیوتەرکانی خۆیان لە هاککردن نەپاراستبوو. گوتیشی بۆ باسی ئەوەش ناکرێت کە هێلەری کلنتن لە پـێش ڕووبەڕووبوونەوەیەکی تەلەفیزیۆنی میانەی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکەدا پـرسیارەکانی بۆ ڕەوانەکرابوو. گوتی ئەگەر لە لایەن ئەوەوە کارێـکی وەها بکرایە، ئەوا نەیارانی دەیانگوت چیتر مافی ئەوەی نیـیە ببێتە سەرۆک.

دۆناڵد ترەمپ جەختی لەوەش کرد لە ماوەی حوکمڕانیـیەکەی هەموو کارەکانی کارداری خۆی بە هەردوو کوڕەکەی دەسپـێرێت و خۆی تەنها بە کاری سەرۆکایەتی وڵاتەکە سەرقاڵ دەکات. گوتیشی لەو ماوەیە ئەگەر کوڕەکانی بەباشی کارەکەیان ئەنجام دا، ئەوا دەسـتخۆشیان لێدەکات و ئەگەر نا دەریان دەکات.

دەربارەی ئابوری وڵاتەکە، گوتی هێندە هەلی کار دروسـتدەکات کە هیچ کەسێـک پـێشتر نەیکردبێت. ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کارگەی چەندان کۆمپانیای ئۆتۆمبیل دەگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکە و چەندان پـرۆژەی دیکە سازدەکرێن.

XS
SM
MD
LG