Accessibility links

سەرۆکی داهاتووی ئەمەریکا دەڵێت بەڵێنەکانی بە ئەنجام دەگەیەنێت


سەرۆکی داهاتووی ئەمەریکا پابەندی خۆی نیشان دا بەو بەڵێنانەی لە میانەی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی بە ئەمەریکایـیەکانی دابوو.

لە چاوپـێکەوتنێـکدا کە شەوی یەکشەممە لە لایەن کەناڵی CBS ی ئەمەریکایـیەوە بڵاوکرایەوە دۆناڵد ترەمپ گوتی ئەو دیوارەی بەڵێنی داوە لەسەر سنووری نێوان ئەمەریکا و مەکسیک بنیادبنرێت، جێبەجێ دەکات، بەڵام بەشێـکی بە تەلبەند دەهێڵێتەوە.

پاشان جەختی کردەوە ئەو کۆچبەرە نایاسایـیانەی لە وڵاتەکەدا هەن دەردەکرێن و گوتی لە سەرەتا بەوانە دەستپێدەکەن کە تاوانیان ئەنجامداوە یان بازرگانیان بە ماددە هۆشبەرەکان کردووە و یاخود لە نێو گروپی تاوانکاراندا بوون. مەزەندەی کرد ژمارەیان لە نێوان 2 بۆ 3 ملیۆن کەس بێت گوتی ئەمانە زیندان‌دەکرێن یان دەردەکرێن.

سەبارەت بە بەرنامەی تەندروستی، ئەوەی لە لایەن سەرۆک ئۆباماوە پەسەندکراوە و بە ئۆباما کێر ناسراوە، ترەمپ دووپاتیکردەوە هەڵدەوەشێنێتەوە و بەرنامەیەکی نوێ لە شوێنی دادەنێت کە باشتر و هەرزانتربێت. پاشان گەنجانی دڵنیاکردەوە لەوەی دەتوانن هەتا تەمەنی 26 سـاڵی بیمەی تەندروستیان بمێنێتەوە لەسەر کارەکانی باوکانیان یان دایکانیان، هەروەها ئەوانەشی نەخۆشیـیە بۆماوەیـیەکانیان هەیە نابێت کۆمپانیاکانی خزمەتگوزاری تەندروستی بیمەی تەندروسـتیـیان ببڕن.

سەرۆکی داهاتووی ئەمەریکا باسی لەوەش کردەوە باج لەسەر هاوڵاتیان کەم دەکاتەوە و لە هەمان کاتدا ئابوری وڵاتەکە بەرەو پـێشەوە دەبات.

جەختی لەوەش کردەوە کۆماریـیەکانی کۆنگرێس کە لە هەردوو ئەنجومەنی نوێنەران و سینات دەبن بە زۆرینە بە لایەنی کەم لە سێ بابەتدا لەگەڵیدا هاوڕان، بابەتەکانیش بریتین لە مەسەلەی کۆچبەران و بەرنامەی تەندروستی ئۆباما و کەمکردنەوەی باج.

لە بارەی نیگەرانی ئەمەریکایـیە پـێست ڕەشەکان و موسڵمانان و خەڵکی لاتینی وڵاتەکە لەوەی ڕووبەڕووی ڕەگەزپەرستی ببنەوە لە لایەن کەسانی لایەنگری ترەمپەوە، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا گوتی ئەو جێی قبوڵ نیـیە و ڕووی دەمی کردە ئەو لایەنگرانەی و گوتی "بوەستن."

پاشان پـرسیاری لێکرا سەبارەت بە شەڕی داعش، گوتی نایەوێت پـلانەکانی لەم بارەیەوە ئاشکرا بکات وەکو بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک ئۆباما پـێشتر کردوویەتی، لەوانە لە شەڕی موسڵ.

سەبارەت بەم چاوپـێـکەوتنە و خۆپـیشاندانە ناڕەزایـیەکانی دژی ترەمپ زلاتیکا هۆک ڕاپـۆرتی ناردووە و حەیدەر کەریم لە بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا بە کوردی ئامادەی کردووە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:04 0:00

XS
SM
MD
LG